سەردێڕ:

حکومەت و نەوەى نوێ کێبڕکێیانە لەسەر چاککردنى تونێلى دەربەندیخان

بە دوو ئامادەکاریی جیاوازەوە
فۆتۆ: 
2019-08-17

5649 جار خوێندراوەتەوە

ئاو لە شاخەکەوە دەڕژێتە ناو تونێلەکەوە، سەقفەکەى رەش بووە، شەقامەکەشى پڕبووە لە چاڵ و چۆڵى، ڕووناککردنەوەشى وەک پێویست نییە، ئەمە ئەشکەوت نییە، بەڵکو ئەمە حاڵى تونێلى دەربەندیخانە.


ئاو لە شاخەکەوە دەڕژێتە ناو تونێلەکەوە، سەقفەکەى رەش بووە، شەقامەکەشى پڕبووە لە چاڵ و چۆڵى، ڕووناککردنەوەشى وەک پێویست نییە، ئەمە ئەشکەوت نییە، بەڵکو ئەمە حاڵى تونێلى دەربەندیخانە.

لە یەک کاتدا دوو تیم دەیانەوێت تونێلەکە نۆژەن بکەنەوە، یەکێکیان تیمى حکومەتە و ئەوى تریشیان تیمى ئەندازیارانى نەوەى نوێن، بەڵام دوو تیم بە دوو ئامادەکاریى جیاوازەوە.

تیمى ئەندازیاریی نەوەى نوێ تەواوى ئامێرى گەورە و کەلوپەلى پێویستیان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە بۆ چاککردنى تونێلەکە، لە بەرامبەردا تیمى بەڕێوەبەرایەتیى چاککردنەوە و پاراستنى ڕێگاوبانى سلێمانیش، بە پاچ و بێڵ و خاکەناز و عەرەبانەى دەستییەوە لە شوێنى کارەکەن.

دەستکردن بە نۆژەنکردنەوەى تونێلەکە، دواى ئەوە دێت سێشەممەى رابردوو شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ ئامادەیى تیمى ئەندازیارانى جوڵانەوەکەى نیشاندا بۆ نۆژەنکردنەوەى تونێلەکە.

هەربۆیە تیمى ئەندازیارانى نەوەى نوێ بە کەرەستە و پێداویستیى تایبەتەوە گەیشتنە لاى تونێلەکە، ئەندامێکى تیمەکەش دەڵێت، چاوەڕوانن بزانن تیمەکەى حکومەت بەو ماوەیەى دیاریکراوە دەتوانن تونێلەکە نۆژەن بکەنەوە یاخود نا؟

ئارام ئەحمەد ئەندامى تیمى ئەندازیاریى نەوەى نوێ دەڵێت، ئەگەر ئەوان تونێلەکەیان نۆژەنبکردایەتەوە، کاریان لەسەر تەواوى تونێلەکە دەکرد، هەر لە شەقامەکەى ناوى و دانانى هەواکێش و بۆیاخکردنى و دانانى گڵۆپ و رووناکى.

لە بەرامبەردا وەک ئەندازیارێکى تیمەکەى ڕێگاوبانى سلێمانى دەڵێت، تەواوى شەقامى تونێلەکە قیرتاو ناکرێت، بەڵکو چاڵ و چۆڵەکان پڕدەکرێنەوە بۆ ئەوەش هەفتەیەک بۆ ١٠ رۆژیان پێویستە.

حەمە رەئوف حەمەعارف ئەندازیار لە بەڕێوەبەرایەتیى رێگاوبانى سلێمانى ئاماژە بەوە دەکات، تونێلەکە کێشەیەکى ئەوتۆى نییە و تەنها هەندێک لە کۆنکرێتەکان شکاون بەهۆى گیرانى مەنهۆڵەکان و چەناڵەکانەوەن، بەهۆى هەندێک ئاستەنگ و شتى شاراوەوە رەنگە زیاتر لە وادەى خۆی بخایەنێت.

بەڵام تیمى ئەندازیاریى نەوەى نوێ دەڵێن، بە بۆیاخکردن و بە رووناکى و بە چاککردنى تەواوى شەقامى تونێلەکەشەوە، بۆ ماوەى یەک هەفتەیان پێویستە، بودجەکەشى نیوەى ئەو بودجەى بۆ خەرجدەکەن کە حکومەت ئێستا دایناوە بۆ چاککردنى تونێلەکە.

موژدە مەحمود ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى نەوەى نوێ، کە سەردانى تونێلەکەى کردبوو، دەڵێت، بە وردی چاودێریى نۆژەنکردنەوەکەى تونێلى دەربەندیخان دەکەن، چونکە چەندینجارە پارە بۆ ئەو تونێلە تەرخانکراوەن بەڵام تەنها پینەوپەڕۆ بووە.

وەک لەم دیمەنانە دەردەکەوێت، تیمەکەى حکومەت بە پاچ و بێڵ و خاکەناز و عەرەبانەى دەستییەوە خەریکى کارکردنن لەناو تونێلەکە، کە ئەوەش بووە جێی رەخنەى بەشێک لە هاوڵاتییان و دەڵێن، چاکى مەکەن با لەوە خراپتر نەبێت، چونکە وەک ئەو دەڵێت، تونێلێک بەو گەورە و گرانییەوە کە وێران بووە، بە عارەبانەیەکى دەستى و پاچ و خاکەنازێکەوە چۆن نۆژەن دەکرێتەوە.

تونێلى دەربەندیخان ساڵى ١٩٥٩ دروستکراوە و درێژییەکەى ٧٥٠ مەترە و بەرزییەکەشى نۆ مەترە، هەرچەندە لە تەمەنى ئەم تونێلەدا بە مەبەستى نۆژەنکردنەوە چەندجارێک داخراوە، بەڵام وەک پێویست کارى نۆژەنکردنەوەى بۆ نەکراوە.