سەردێڕ:

بەم گەرمایە لە هەرێمێکى پڕ لە نەوت بەرمیلێک نەوت زیاترە لە ١٠٠ دۆلار

فۆتۆ: 
2019-08-17

7094 جار خوێندراوەتەوە

هێشتا گەرما لە بەرزترین پلەکانیدایە، لەپاڵ خەمی فێنککردنەوەی ماڵەکانیان، هاوڵاتییان خەمێکی تریشیان لە کۆڵدایە، ئەویش دابینکردنی سوتەمەنییە بۆ گەرمکردنەوەی ماڵەکانیان لە زستاندا و، بەشێکی زۆریان لە ئێستاوە دەستیان بە کڕینى نەوتی سپی کردووە.


هێشتا گەرما لە بەرزترین پلەکانیدایە، لەپاڵ خەمی فێنککردنەوەی ماڵەکانیان، هاوڵاتییان خەمێکی تریشیان لە کۆڵدایە، ئەویش دابینکردنی سوتەمەنییە بۆ گەرمکردنەوەی ماڵەکانیان لە زستاندا و، بەشێکی زۆریان لە ئێستاوە دەستیان بە کڕینى نەوتی سپی کردووە.

لە ئێستادا لە بازاڕی ئازاد نرخی یەک بەرمیل نەوتی سپی ١٢٥ هەزار دینارە، واتە زیاتر لە ١٠٠ دۆلار، ئەمەش لەکاتێکدایە کە نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاو کە هەرێمی کوردستانیش یەکێکە لە هەناردەکارانی کەمترە لە ٦٠ دۆلار.

لە ساڵانی رابردوودا لەلایەن حکومەتەوە دوو جار و هەر جارە و بەرمیلێک نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا دابەشدەکرا، ئەوەش بە نزیکەی نیوەی نرخەکەی لە بازاڕی ئازاد، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥وە بە پاساوی قەیرانی دارایی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە کابینەی پێشوودا پاڵپشتیی حکومەتی بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاوڵاتییان و گاز بۆ شوێنە بازرگانییەکان راگرت.

گەرچی لە ماوەی ڕابردوودا هەرێم بە پشتبەستن بەو نەوتەی لە بەغداوە بەدەستی دەگەیشت توانی بڕێکی کەم نەوت بەسەر هاوڵاتییان دابەش بکات، بەڵام دیسان هاوڵاتییان و بە تایبەتی دانیشتووانی ناوچە شاخاوییەکانی هەرێم ناچاربوون بەشی زۆری پێداویستیی خۆیان لە بازاڕ دابینبکەن.

هەر سەبارەت بەو نەوتەی لە بەغداوە بۆ هەرێم رەوانەکرابوو قسە و باسی ئەوە بڵاوکرایەوە، کە بەشێکی زۆری ئەو نەوتەی بۆ هەولێر و سلێمانی دابینکراوە دیارنەماوە و هاوڵاتییان لێی بێبەشکراون، بەڵام هەر زوو بەرپرسانى ئیدارى و حکومى دەنگۆکانیان رەتکردەوە.

جگە لەوەش داهات و بڕی هەناردەی ئەو نەوتەش دیارنییە کە مانگانە لەرێی بۆری و تانکەرەوە هەناردە دەکرێت، کە بەپێی ئامارەکانی وەزارتی نەوتی عێراق لە ئێستادا هەرێم رۆژانە زیاتر لە ٤٥٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات.

هاوکات لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە زیاتر لە ٢ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوت دیارنەماوە و نازانرێت چی لێ کراوە.

هەرچەندە هەرێم خاکێکى دەوڵەمەند بە نەوتى هەیە، بەڵام لە ئێستادا خەمی هاوڵاتییان گەرمکردنەوەی ماڵەکانیانە لە زستانی ئەمساڵ، گەرچی ئامۆژگاریی هاوڵاتییان دەکرا کە لە گەرمای هاویندا مشور لە نەوتی زستانیان بخۆن، بەڵام لە ئێستادا کە  لە ناوەڕاستی مانگی ئابداین، نرخی نەوت لە بازاڕی ئازاد گرانە و تەنیا ٥ بۆ ١٠ هەزار دیناری لە زستان کەمترە.

لە ماوەی قەیرانی داراییدا بەشێک لە هاوڵاتییان بەهۆی دەستکورتییەوە ناچاربوون دارستانەکانی نیشتمانە دەوڵەمەند بە نەوتەکەیان ببڕنەوە و بە سوتاندنی دار زستان بەڕێبکەن، ئەمەش زیانێکی گەورەی لە ژینگەی کوردستان داوە.