بڕیارى نۆژەنکردنەوەى تونێلى دەربەندیخان لەلایەن شاسوارعەبدولواحیدەوە جارێکى تر سستیى بەدەمەوە نەچوونى دامودەزگاکانى حکومەتى لە چارەسەرنەکردنى کێشەکانى هاوڵاتییان هێنایەوە بەرباس.
بڕیارى نۆژەنکردنەوەى تونێلى دەربەندیخان لەلایەن شاسوارعەبدولواحیدەوە جارێکى تر سستیى بەدەمەوە نەچوونى دامودەزگاکانى حکومەتى لە چارەسەرنەکردنى کێشەکانى هاوڵاتییان هێنایەوە بەرباس.
بڕیارەکە هەر زوو لایەنى پەیوەندیدارى هێنایە سەر خەت بۆ چارەسەرکردنى کەموکورتییەکانى تونێلەکە، بەڵام بەڵێنى بەرپرسانى حکومەت لەسەر نۆژەنکردنەوەى تونێلەکە، لە چوارچێوەى قسە تێپەڕى نەکرد و نەبووە کردار، ئەو وادەیەش کە راگەیەندرا بۆ دەستپێکردنى چاککردنى تونێلەکە، تێپەڕى و هیچ کارێکى نۆژەنکردنەوە لە تونێلەکەدا دەستیپێنەکرد، بۆیە وەک هاوڵاتییان باسی لێوەدەکەن، پێدەچێت ئەم بڕیارەش چووبێتە ڕیزى کۆى بڕیار و بەڵێنە جێبەجێنەکراوەکانى دیکەى بەرپرسانى حکومەت.
سەرەڕاى ئەوەى کە پشووەکانى جەژن کۆتایى نەهاتبوو، بەڵام بڕیارەکەى سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ بۆ چاکسازی لە تونێلەکەدا، دامودەزگا پەیوەندیدارەکانى حکومەتى ناچارکرد لە پشووى جەژندا ڕاگەیەندراوێک لەسەر ئەو پرسە بڵاوبکەنەوە.
بەپێى ڕاگەیەندراوەکە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بڕیاریداوە لەڕێگەى تیمەکانی وەزارەت ١٥ى مانگ دەست بە چاکسازیى بکەن لە تونێلەکەدا و کەم و کورتیەکانى چارەسەر دەکەن، بەڵام بڕیارەکە وادەرنەچوو، چونکە هاتوچۆى دەربەندیخان ڕاگەیەنراوێکى دیکەى بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، شەممەى داهاتوو تیمەکانى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە دەگەنە تونێلەکە و دەستبەکار دەبن.
پاش راگەیاندنەکەى حکومەت، شاسوار عەبدولواحید تەحەداکەى فراوان کرد، بەجۆرێک کە چاککردنەوەى تونێلەکە بەتەواوى لەڕووى شەقام و رووناکى و پێداویستییەکانى دیکەوە لە ڕێگەى تیمى ئەندازیارى نەوەى نوێوە لەماوەى هەفتەیەکدا و لە رۆژی شەممەوە جێبەجێبکات، هەر زوو کاردانەوەى فراوانى هاوڵاتیانى لێکەوتەوە.
هاوڵاتییەک نوسیویەتى "برۆن بە گەرمترین شێواز پێشوازیی لەو تیمە بکەن کە سەردانی تونێلەکە دەکات، ھەر لایەن و حیزبێکیش رێگریی لێکرد، ھەق وایە بەرد بارانی بکەن، بۆیە ئەگەر ناوى دەنێن موزایەدە دەڵێین ئێوەش موزایدە بکەن و چاڵ و چۆڵییەکانى ڕێگاکانمان بۆ پڕبکەنەوە."
هاوڵاتییەکى دیکەش نوسیویەتى "بەرپرسەکانی ناوچەکە کەوتونە لێدوان بۆکەناڵەکانی ڕاگەیاندن کەحکومەت پڕۆژەی ئامادەکردوە بۆچاککردنی تونێلەکە، دیارە ئەمەش هەمان سیناریوی فلیمەکەی رێگای بەنداوی سماقولییە".
هاوڵاتیەکى دیکە نوسیویەتى، "شاسوار عەبدولواحید دەڵێ بەهەفتەیەک چاکی دەکەمەوە واتە حەوت ڕۆژ، واتە هەرکەسێک دەتوانێ تونێلەکە بە شەش ڕۆژ چاک بکاتەوە با بیکات بەناووی خۆیەوە."
هاوڵاتیەکى دیکەش دەڵێت "ئەگەر مووزایەدەش بێت ھیچ عەیبێكی نیە لەبەرئەوەی كارێك دەکات، دەیان ساڵە ھیچ ھێز و لایەنێك نەیتوانیوە بچوكترین خزمەت بە م شارە بکات."
چاکنەکردنەوەى ئەم تونێلە لەکاتێکدایە کە بەپێى ئامارێک تەنیا لەساڵى رابردوودا لهسنوری دەربەندیخان ٧٩ ڕوداوى هاتوچۆ ڕویانداوە و بەهۆیانەوە، ١٢ هاووڵاتى گیانیان لەدەستداوە و، ١٠٨ هاوڵاتى دیکەش برینداربوون، زۆربهى روداوهكانیش لهنزیك تونێلهكه بوون.