پاش نیوەرۆى یەکەم رۆژى جەژنى قوربان دواى جەژنە پیرۆزە و بەسەرکردنەوەى کەسوکاریان، گۆران محەمەدى تەمەن ٢٥ ساڵ ویستى بە ئۆتۆمبێلەکەى لەگەڵ دایکیدا سەردانى دەریاچەى دەربەندیخان بکەن، بەڵام لەرێگایەکى پێچاوپێچى سەختدا ئۆتۆمبێلەکەیان کەوتە ناو دەریاچەکەوە و هەردوکیان پێکەوە خنکان.

رووداوەکە لەسەر رێگاى شەمێران و لە نزیک ناوچەی گەشتیاری بان قۆین روویداوە، ئۆتۆمبیلەکە راستەوخۆ لە رێگایەکى بەرزى پێچاوپێچەوە کەوتووەتە ناو دەریاچەکەوە.
بەوتەى کەسێکى نزیکیان، گۆران بەنیاز بووە دایکى کە ناوى مریەم رەشیدە و لەشەستەکانى تەمەنیدایە بباتە سەر دەریاچەکە و گەشتێکى پێبکات، بەو پێیەى نەخۆشە و پزیشکەکان پێیان وتووە کە بینینى دیمەنى ناوچەى گەشتیارى هۆکارێکە بۆ یارمەتیدانى لە چاکبوونەوەیدا.
ئەوان لە سلێمانییەوە و بەهیواى گەیشتن بە شوێنێکى گەشتیارى سەر دەریاچەى دەربەندیخان بەرێکەوتن، بەڵام پێش ئەوەى بگەنە شوێنى مەبەست لەناو ئاوى دەریاچەکەدا خنکان.
بەرپرسانى هاتوچۆ هۆکاری رووداوەکە بۆ ئەوە دەگێڕنەوە کە شۆفێرەکە کۆنترۆڵى ئۆتۆمبێلەکەى لەدەستداوە، ئەوەشى رووداوەکەى سەختتر کردووە ئەوەیە رێگە پێچاوپێچەکە هیچ بەربەست و راگرێکی بۆ دروستنەکراوە.
دوای دەرهێنانەوەیان، تەرمەکان بۆ پزیشکی دادی دەربەندیخان گواسترانەوە و پاش توێکاری رادەستی کەسوکاریان کرایەوە.
رێگای سلێمانی دەربەندیخان بە یەکێک لەو رێگایانە دادەنرێت کە ساڵانە زۆرترین رووداوی هاتوچۆی تێدا روودەدات و بە هۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان گیان لەدەستدەدەن یان برینداردەبن.