بڵاوبوونەوەى دیمەنێک کە تیایدا ژمارەیەک سەگ لەناودەبرێن نیگەرانیى بەشێک لە هاوڵاتییان و ژینگەپارێزانى گەرمیانى لێکەتووەتەوە.
بڵاوبوونەوەى دیمەنێک کە تیایدا ژمارەیەک سەگ لەناودەبرێن نیگەرانیى بەشێک لە هاوڵاتییان و ژینگەپارێزانى گەرمیانى لێکەتووەتەوە.
سەگێکى بەڕەڵا بۆ پەناگەیەک دەگەڕێ، شەقام و ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان پەناگەى بەشێک لە ئاژەڵى بەرەڵان، بەتایبەت سەگەکان.
ئەم شێوازەى بڵاوبوونەوەى سەگەکان بە دیاردەیەکى ناشارستانى دادەنرێت و دوورخستنەوەیان خواست و داواکاریی هاووڵاتیانە لە بەرپرسانى شارەکان، بەڵام شێوازى لەناوبردنیان هاوڵاتییان نیگەران دەکات.
لە دیمەنێکدا بەشێک لە سەگە بێ پەناگەکانى قەزاى کفری لەناودەبرێن، کە بە وتەى دانیشتووانى شارەکە بە فیشەک لەناوبراون و بە بەرچاوى خەڵک و تەنانەت منداڵانەوە تەقەیان لێ کراوە و کوژراون، ئەوەش نیگەرانى کردوون.
بیانووى لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ لەناوبردنى ئاژەڵى بەرەڵا ئەوەیە کە دەبنە هۆى بڵاوبوونەوەى نەخۆشییە گوازراوەکان، بە وتەى ئەندامێکى تیمى لەناوبردنى سەگەکان، رێگەى تر هەیە بۆ نەهێشتنى مەترسییەکانیان، وەک پێدانى دەرمان و رێگرى لە زاوزێ، بەڵام ئەوە تێچوویەکى زۆرى دەوێت و حکومەت پێی ناکرێت.
رێکخراوە ژینگەییەکان ئەم شێوازەى لەناوبردنى سەگەکان بە کارێکى نامرۆڤانە ناودەبەن و، بۆ رێگرى لەمەش پرۆژە یاسایەکیان داوەتە پەرلەمانى کوردستان بۆئەوەى هەموو ئاژەڵە بەڕەڵاکان لە پەناگەى تایبەتدا لە دەرەوەى شارەکان بمێننەوە.
پێشتریش لە قەزاکانى کەلار و دەربەندیخان بە هەمان شێوە سەگى بەرەڵا لەناوبراون، هەرجارێکیش ناڕەزایەتى خەڵکى بە گشتى و ژینگەدۆستانى بەتایبەت لێکەوتووەتەوە، بەڵام لایەنە بەرپرسەکان دووپاتى دەکەنەوە کە لە ئێستادا ئەوە تاکە ڕێگەیە بۆ لەناوبردنى سەگى بەرەڵا و مەترسییەکانیان.