سەردێڕ:

لە دامودەزگاکانی هەرێمدا هەڵواسینى وێنەی سەرکردەکانى پارتى و یەکێتى سەپێندراوە

فۆتۆ: 
2019-08-10

7125 جار خوێندراوەتەوە

گۆڕین و هەڵواسینى وێنەیەکى نوێى جەلال تاڵەبانى سکرتێرى کۆچکردووى یەکێتى بە دەروازەى زانکۆى سلێمانییەوە، بووەتە جێى ناڕەزایى و قسە و باسى هاوڵاتییان.


گۆڕین و هەڵواسینى وێنەیەکى نوێى جەلال تاڵەبانى سکرتێرى کۆچکردووى یەکێتى بە دەروازەى زانکۆى سلێمانییەوە، بووەتە جێى ناڕەزایى و قسە و باسى هاوڵاتییان.

لەو وڵاتانەدا کە سیستمە شمولییەکان، یان دیکتاتۆرێک حوکمڕانییان دەکات، دەزگاکانى راگەیاندن و دامەزراوە گشتییەکانى وڵات، بەردەوام هەوڵدەدەن وێنەى سەرۆک لەبەرچاوى هاوڵاتییاندا بێت، لە هەر دامەزراوەیەک و لە هەر سێکتەرێکدا، وێنەیەک بە وتەیەکى ئەو سەرۆکەوە لە دیارترین شوێندا دادەنرێت و بەردەوام هەوڵى تەقدیسکردنى وێنە و بەنرخ دانانى وتەکانى سەرۆک دەکرێت.

بۆ نموونە لە عێراقى سەردەمى سەدام حسێندا، نەک هەر دامەزراوەکانى دەوڵەت، بەڵکو دەبوو لە هەموو شوێنێکی گشتیدا وێنەی دیکتاتۆری پێشوو بوونی هەبوایە، ئەمە جگە لەوەى بەپێى ئامارەکانى وەزارەتى رۆشنبیریى عێراق، لەپێش ساڵى ٢٠٠٣وە زیاتر لە ٢٥٠٠ پەیکەرى جۆراوجۆرى سەدام حسێن لە عێراقدا هەبوون.

لە کۆریاى باکوریش، جگە لەو هەزاران پەیکەرەى کە تا ئێستا بۆ سەرکردەکانى ئەو وڵاتە و بەتایبەت بۆ کیم ئیل سۆنگ باوکى سەرۆکى ئێستاى کۆریا دانراوە، تەنها لە ساڵى ٢٠١٧دا، ١٠ پەیکەرى نوێى ناوبراو دروستکراوە.

لە کوردستاندا خەریکە دیاردەى هەڵواسینى وێنەى سەرکردە سیاسییەکان، جگە لە بارەگا و شوێنە حزبییەکان، تەواوى دامەزراوە گشتییەکان و دامەزراوەکانى دەوڵەتیشى گرتووەتەوە، کە ئەمەش نیشانەی روونی بەرەو دیکتاتۆربوونی سیستمەکەیە لە هەرێمی کوردستان.

بۆ نموونە، لە ناوچەکانى سلێمانى و ئەو ئیدارەیەى پێشتر یەکێتى بەڕێوەیدەبرد، تەواوى دامەزراوەکانى دەوڵەت وێنەیەکى جەلال تاڵەبانى سکرتێرى کۆچکردووى یەکێتیى لە ژوورى بەڕێوەبەرەکان و سەرۆک بەشەکان هەڵواسراوە، لە ناوچەکانى هەولێر و دهۆکیش، هیچ دامەزراوەیەکى دەوڵەت نییە کە وێنەکانى مەلا مستەفاى بارزانى و مەسعود بارزانى و هەندێکیشیان نێچیرفان بارزانى و تەنانەت ئێستا مەسرور بارزانیش هەڵنەواسرابێت، تەنانەت لەنێو هەندێک لە کافتیریا و چێشتخانە و شوێنە گشتییەکانى پشووى هاوڵاتییانیشدا، هەڵواسینى وێنەى سەرکردەکانى پارتى و یەکێتى سەپێندراوە.

بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی پێشتر لەسەر ئەو سیستمە دیکتاتۆرییانە کراون لە جیهاندا، هەمیشە سەرکردەى بچووک و ئەو سیستمە دیکتاتۆرانەى کە هەستدەکەن لەناو خەڵکدا رێزیان نەماوە و بچووک بوونەتەوە، پەنا دەبەنە بەر هەڵواسینى وێنەى کەسى یەکەم یان سەرکردەکانیان.

هەر بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانە، ئامانجێکى تر لە هەڵواسینى ژمارەیەکى زۆرى وێنەى سەرکردەکان ئەوەیە کە ئەو سیستمانە دەیانەوێت هەمیشە رووخسارى سەرکردە کۆچکردووەکانیان لەبەرچاوى خەڵکدا بن، تا بە بڕواى خۆیان لەبیرنەچنەوە، چونکە بەشێکى زۆری سەرکردە زیندووەکان خۆیان دەستکەوتێکى ئەوتۆیان نییە تا لە مێژوودا بۆیان بنوسرێت و ناویان لە مێژوودا پێوەى بمێنێتەوە.

بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانە، هۆکارێکى ترى زۆر هەڵواسینى وێنەى سەرکردە کۆچکردووەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کاتێک سەرکردەکانى حزبێک یان سیستمێکى حوکمڕان دەزانن کە قورساییان لەناو خەڵکدا نییە و توانا و بەهایەکى ئەوتۆیان نییە، بۆیە بە ناچاری پەنا بۆ وێنەی مردووەکانیان دەبەن، وەک رێگەیەک بۆ دروستکردنى بەها بۆ خۆیان و داپۆشینى بێ تواناییان لە حوکمڕانی و خزمەتکردنى خەڵکدا.

هەڵواسینى وێنەیەکى سکرتێرى کۆچکردووى یەکێتى بە بەردەم ناوەندێکى زانستیى گەورەى وەک زانکۆى سلێمانى لەکاتێکدایە، کە چەندین وێنە و وتەى ناوبراو لە شوێنە گشتییەکان و بە شەقام و پرد و دەروازەى شارەکاندا هەڵواسراوە، هەروەک چەندین سەرکردەى تر هەبوون کە رۆڵى گرنگیان هەبووە لە دروستکردنەوەى زانکۆى سلێمانى و دەوڵەمەندکردنى بە سەرچاوەى زانستی و کارکردن بۆ ناساندنى زانکۆکە بە ناوەندە جیهانییەکان، کەچى لە هیچ شوێنێکى زانکۆکەدا ناویان ناهێنرێت و بایەخیان پێ نادرێت، لە نموونەى ئەوانەش نەوشیروان مستەفا کە سەرۆکى بۆردى دامەزراندنەوەى زانکۆى سلێمانى بووە لە سەرەتاى نەوەدەکاندا، بەڵام لە هەموو زانکۆى سلێمانیدا وێنەیەکى رێزلێنان لە ماندووبوونى بە دروستکردنەوەى زانکۆکەوە بەدى ناکرێت.

هەڵواسینی ئەو وێنەیە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و هاوڵاتییەک نوسیوویەتی، ئەوەی ڕوودەدات هاوشێوەی کۆریای باکورە، لەوێش لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا وێنەی سەرۆکەکانیان هەڵدەواسن، لەکاتێکدا هیچ خزمەتێکی گەلەکەیان نەکردووە.

یەکێکی تر نوسیوویەتی، "زانکۆ تا لە دەستی حیزب و بنەماڵە دەرنەکرێت تاکی داهێنەر بەرهەم ناهێنێت."

هاوڵاتییەکی تر دەڵێت، "ئەم رەسم هەڵواسینە لەجیاتی جادەی سەد مەتری و خزمەتگوزارییە، یەکێکی تر نوسیویەتی زانکۆ شوێنی وانە خوێندن و فێربوونە و شوێنی هەڵواسینی ئەو ڕەسمانە نییە."

لە سەرەتای دروستبوونی یەکێتی لە ناوەڕاستی ساڵانی حەفتاکاندا، یەکێک لە دروشمە سەرەکییەکانی جەلال تاڵەبانی و سەرکردەکانی ئەوکاتی یەکێتی، دژایەتیی حیزبی بنەماڵەیی و عەقڵیەتی کۆنەپەرەستی و تاکڕەوی بوو، بەڵام پێدەچێت دوای زیاتر لە ٤٤ ساڵ لە خەباتی ئەو حیزبە، نەک نەیانتوانی رێ لە حوکمی بنەماڵەیی پارتی و ئەو شێوازە لە حیزبایەتی بگرن، بەڵکو ئێستا دروشمەکانیان تەواو پێچەوانە بوونەتەوە و ئەوەی پارتی بە شیری فێری بوو، ئەمان بە پیری فێری بوون.