سەردێڕ:

فاروق هۆڵدینگ چارەسەری خۆڵ و خاشاکی سلێمانی دەکات

فۆتۆ: 
2019-08-09

6764 جار خوێندراوەتەوە

کێشەی پاشماوە و خاشاک لە شاری سلێمانی ماوەی چەند ساڵێکە بووەتە کێشەیەکی جدی و هەڕەشە لە ئێستا و داهاتووی ژینگەی شارەکە و تەندروستیی هاوڵاتییەکانی دەکات.


کێشەی پاشماوە و خاشاک لە شاری سلێمانی ماوەی چەند ساڵێکە بووەتە کێشەیەکی جدی و هەڕەشە لە ئێستا و داهاتووی ژینگەی شارەکە و تەندروستیی هاوڵاتییەکانی دەکات.

دەیان ساڵە پاشماوەی خۆڵ و خاشاکی شارەکە لە ناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانی کۆدەکرێتەوە، کە چەند کیلۆمەترێک لە ناوچەی دانیشتووانەوە دوورە، بێ ئەوەی هیچ چارەسەرێک و ریسایکلینێکی بۆ بکرێت، هەندێک جاریش بێ چارەسەرکردن خاشاکەکە دەکرێت بەژێر خۆڵەوە. زۆرجاریش بەهۆی گڕگرتنی خاشاکەکەوە چەندین جۆر گازی مەترسیدار دەڕژێتە هەوای ناوچەکەوە، بەتایبەتی گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن، کە مەترسییە بۆ سەر تەندروستیی هاوڵاتییان.

کۆمپانیاکانی لاڤارجی فەڕەنسی و فاروق هۆڵدینگ و دامەزراوەی پارەدانی نێودەوڵەتی  IFC  لە ساڵی ٢٠١٣ پرۆژەیەکیان لە ناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانی وەرگرت بۆ چارەسەرکردنی خۆڵ و خاشاکی شاری سلێمانی، بەڵام حکومەت دواکەوت لە پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنانی پرۆژەکە تا ساڵی ٢٠١٥، کە پاشان بەهۆی دروستبوونی جەنگی داعش و تێکچوونی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان هەریەکە لە کۆمپانیای لاڤارج و IFC  دەستیان لە جێبەجێکردنی پرۆژەکە کشاندەوە.

لە دەستپێشخەرییەکدا فاروق هۆڵدینگ بڕیاریدا بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵ بێت، هەربۆیە لە ساڵی ٢٠١٨دا بە تەنیا دەستیدایە جێبەجێکردنی دروستکردنی پرۆژەی چارەسەری خاشاک لە سلێمانی. لە ئێستادا کارکردن بەردەوامە لە تەواوکردنی پرۆژەکە، کە بە تەواوبوونی سلێمانی دەچێتە قۆناغێکی ترەوە.

وەرزێر سەروەر بەڕێوەبەرى ئۆپەرەیشن لە گروپى کۆمپانیاکانى فاروق باسی لەوە کرد، بەپێی دیزاینی پرۆژەکە لەکاتی تەواوبوونیدا دەتوانێت ڕۆژانە ١٣٠٠ تەن لە پاشماوەی خۆڵ و خاشاک وەربگرێت و چارەسەرییان بۆ بکات و بیانکات بە وزەی ڕەق و، دواتر لە کارگەکاندا بۆ وزە سوودی لێ وەربگیرێت، کە وزەیەکی دۆستی ژینگەیە.

زرنگ فاروق بەڕێوەبەری جێبەجێکارى فاروق هۆڵدینگ ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە پرۆژەکە لە ناوەڕاستى ساڵی ٢٠١٥وە، دوای کشاندنەوەی کۆمپانیای لاڤارج، وەستا؛ بەڵام لە دوای سێ ساڵ و لە تەموزی ٢٠١٨دا فاروق هۆڵدینگ سەرجەم پشکەکانی پرۆژەکەی کڕییەوە و دەستیکردەوە بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە.

بەپێی پلانی جێبەجێکردنی پرۆژەکە، کە لەسەر ڕووبەری ٢٠٤ دۆنم زەوی دروستدەکرێت، لە ئێستادا کارکردن تیایدا بەردەوامە و بەشێک لە ئامێر و کەلوپەلەکانی گەیشتوون و، بڕیارە بەمزووانەش لە هەردوو وڵاتی ئیسپانیا و ئەڵمانیاوە بەشەکەی تری بگات، لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٠دا، واتە دوای ٨ مانگی تر پرۆژەکە تەواودەبێت و ئامادە دەبێت بۆ وەرگرتنی پاشماوەی خۆڵ و خاشاکی شاری سلێمانی.

وەرزێر سەروەر بەڕێوەبەرى ئۆپەرەیشن لە گروپى کۆمپانیاکانى فاروق باسی لەوە کردووە، ئەم پرۆژەیە ساڵانە توانای چارەسەرکردنی ٤٨٠ هەزار تەن لە پاشماوەی خۆڵ و خاشاکی هەیە، کە ٨٠% دەگۆڕێت بۆ وزەی ڕەق و لە کارگەکان سوودی لێ وەردەگیرێت وەک وزە، ٢٠%کەشی کە دەمێنێتەوە لەڕووی زانستییەوە چارەسەری بۆ کراوە و هیچ کاریگەرییەکی خراپی نابێت کاتێک دەخرێتە ژێر خۆڵەوە.

بەپێی وتەی سەرپەرشتیارانی پرۆژەکە، لەگەڵ تەواوبونی پرۆژەکەدا، ناوچەی تانجەرۆ و هاوڵاتییانی شاری سلێمانی ڕزگاریان دەبێت لە کێشەی کەڵەکەبوونی پاشماوەی خۆڵ و خاشاک و زیانە تەندروستییەکانی بۆ ئێستا و داهاتووی ژینگەی شارەکە و هاوڵاتییەکانی.