سەردێڕ:

هەوڵەکان بۆ دانانی پارێزگاری نوێی کەرکوك دەخرێنەگەڕ

فۆتۆ: 
2019-08-08

2689 جار خوێندراوەتەوە

دوای تێپەڕبوونی مانگێک بەسەر دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک، هێشتا دیارنییە ئەو کاندیدە کەی دەستبەکار دەبێت، یەکێتی و پارتیش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکانیان سەردانەکانیان بۆ لای حیزب و لایەنەکانی تر دەستپێکردووە.


دوای تێپەڕبوونی مانگێک بەسەر دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک، هێشتا دیارنییە ئەو کاندیدە کەی دەستبەکار دەبێت، یەکێتی و پارتیش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکانیان سەردانەکانیان بۆ لای حیزب و لایەنەکانی تر دەستپێکردووە.

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تى، رۆژی پێنجشەممە وەفدی یەکێتی و پارتی لە هەولێر لەسەر پرسی پارێزگای کەرکوک سەردانی حیزبە کوردییەکانی تریان کردووە، تا بە زووترین کات هەماهەنگییەک دروستبکەن و بتوانن دوای دروستکردنی هەماهەنگییەکە، لەگەڵ نەتەوە و پێکهاتەکانی تری ناو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆببنەوە و بڕیار لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک بدەن.

رێبوار تەها ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، کۆبوونەوە و هەنگاوەکانی وەفدی پارتی و یەکێتی بۆ چارەسەری کاتیی نییە و هەوڵ بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی دەدەن بۆ کێشە و گرفتەکانی کەرکوک.

هەر بەپێی زانیارییەکان، ئەو چارەسەرە بنەڕەتییەی یەکێتی و پارتی هەوڵی بۆ دەدەن ئەوەیە، کە پۆستی پارێزگار بۆ کورد بێت و جێگری پارێزگار بۆ عەرەب و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاش بدرێت بە تورکمان.

محەمەد خزر ئەندامی لیستی عەرەبی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیش دەڵێت، ئەگەر هەمووان نیاز پاکن لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکوک، پێویستە بە زووترین کات بگەڕێنەوە شارەکه و هەر لە بینای ئەنجومەنی پارێزگاکە بە کۆبوونەوەی ئەنجومەن چارەسەرێک بدۆزنەوە.

دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە نێوان یەکێتی و پارتی بۆ ڕێککەوتن لەسەر کەرکوک و پێشنیارکردنی چەندین کەس بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، رۆژی ١١ی مانگی ڕابردوو تەیب جەبار رەزامەندیی لەسەر نیشاندرا بکرێت بە پارێزگاری کەرکوک، بەڵام هێشتا نازانرێت کەی ئەو کەسە بە فەرمی دەبێتە پارێزگاری نوێ.