لە پاڵ چاڵنجی پارێزگاری سلێمانی بۆ چاندنی نەمام، دیمەنی باخچەیەكی زەردی سوتاو و وشك دەبینرێت، کە دیمەنى هەڵمەتێكی نەمام چاندن و سەوزكردنی كوردستانە و لە هەڵمەتێكی نیشتمانییەوە گۆڕاوە بۆ نمایشێكی سیاسی و سۆشیال میدیا.
لە پاڵ چاڵنجی پارێزگاری سلێمانی بۆ چاندنی نەمام، دیمەنی باخچەیەكی زەردی سوتاو و وشك دەبینرێت، کە دیمەنى هەڵمەتێكی نەمام چاندن و سەوزكردنی كوردستانە و لە هەڵمەتێكی نیشتمانییەوە گۆڕاوە بۆ نمایشێكی سیاسی و سۆشیال میدیا.
بەپێی ستانداری جیهانی نابێت رێژەی سەوزایی لە هیچ شار و ناوچەیەك لە ١٥% كەمتر بێت بۆ ژینگەیەكی تەندروست و هەناسەیەكی پاك بۆ مرۆڤ، لە پاڵ ئەو رێژەیە دەبێ كاربۆهایدراتەكانی دیكەش كەمبكرێتەوە، بەڵام بەهۆی پشتگوێخستنی دارستان و سەوزایی، لە هەرێمی كوردستان رێژەكە هێشتا نەگەیشتووەتە نیوەی ستانداری جیهانی، هاوكات بەهۆی پاڵاوگەی نایاسایی نەوتی بەرپرسانی حزبى و حكومی و دوكەڵی تانكەری قاچاغی نەوت و هاوردەكردنی ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمۆبیل وایكردووە ژینگەی هەرێمی كوردستان تەندروست نەبێت و، جێگای مەترسی بێت، بۆیە بەهۆیەوە رێژەی شێرپەنجە و نەخۆشییەكانی دیكە زیادی كردووە. بەپێی ئامارێك، ساڵی ڕابردوو لەهەولێر دوو هەزار و ٨٥٢ كەس و لە شەش مانگی ڕابردوودا لە سلێمانییش هەزارو ٣٣٠ كەس تووشی نەخۆشی شێرپەنجەبوون.
بەشێك لە هاوڵاتییان لە توڕە كۆمەڵایەتییەكان پێیان وایە لە هەرێمی كوردستان وەكو پێویست بایەخ بە ژینگە و سەوزكردنی زەوی نەدراوە، بەڵكو ئەو دارستان و سەوزاییەش کە هەیە مەترسیی وشكبوون و لەناوچوونی لەسەرە، بە تایبەت چەند ساڵێكە بەشە نەوتی ناوچە شاخاوییەكان دابەش نەكراوە، بۆیە هاوڵاتیان لە وەرزی زستان و سەرماو سۆڵە بۆ خۆ گەرمكردنەوە پەنایان بۆ بڕینەوە دار بردووە، جگە لە وشك بوونەی چەندین باخچە، لە رووی سیاسیشەوە تێگەیشنی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بۆ ژینگە نزم بووە ئەویش كاتێك وەزارەتی ژینگە بۆ دەستەیەك بچووك كرایەوە كە دواین پۆستە لایەنەكان شەڕی لەسەر بكەن.
لە وڵاتێكی وەكو ئەسیوپیا كە تازە لە لە قۆناغی بوژانەوە و گەشەكردنى سەرجەم سێكتەرەكاندایە، لە پرۆسەیەكی نیشتمانیدا و لە ماوەى دوو رۆژدا ٣٥٣ ملیۆن نەمام چێندرا. جگە لە سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە زۆرینەی فەرمانبەرانی دەوڵەت لە رۆژێكی پشوودا بە یەكەوە بەشداری هەڵمەتەكەیان كرد، بە پێى پلانی حكومەت دەبوو ٢٠٠ ملیۆن نەمام بچێندرێت، بەڵام بە هۆی بەشداری چڕوپری خەڵك لە ١٢ كاژمێری یەكەمدا ئەو ژمارەیە تێپەڕێندرا، بەمەش ژمارەى پێوانەی شكاند و ناوی چووە كتێبی گینسەوە، بەپێی هەڵمەتی نیشتمانی ئەسیوپیا دەبێ ژمارە نەمامە چێندراوەكان بگاتە ٤ ملیار نەمام، تا ئێستا زیاتر لە ٢ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن نەمام چێندراون.
ماوەیەکە لەکوردستان چالێنجێک بۆ ناشتى نەمامێک دەستى پێکردووە، کە زۆربەى سیاسییەکانى کوردستان بەنێچیرڤان بارزانى سەرۆکى ئێستاى هەرێمى کوردستان و قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆک وەزیرانى ئێستاوە بەشداریان تێدا کردووە، بەڵام بەچاندنى نەمامێکى بچووک لەباخچەى ڤێلاکانى خۆیان و تەنها وەک نمایشێک بۆ بەردەم کامێراکانى تەلەفزیۆن و سۆشیال میدیا، ئەگەرنا لەئەرزى واقعدا هەر ئەوان هۆکارى وێرانبوونى چەندین باخچەو وشکبوونى بەشێکى سەوزایى شارە جیاوازەکانى کوردستانن.
هاوکات لەگەڵ نمایشى ئەو سیاسییانەدا، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ لەپۆستێکدا لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک ئاماژە بە بڕیارێکى (ئابى ئەحمەد) سەرۆک وەزیرانى ئەسیوپیا دەکات، کە ٣٥٠ ملیۆن نەمامى چاند و بەوەش ژمارەیەکى پێوانەیى تۆمارکرد)، شاسوار عەبدولواحید دەڵێت (لەکوردستانیش بەرپرسانى وڵات و سیاسییە تەقلیدییەکان، دواى ٢٨ ساڵ لەوێرانکاریی و بەڵێنى درۆو خۆنمایشکردن، تازە بەتازە بەو هەموو سەروەت و داهاتەى وڵاتەوە، نەمامێکى بچووک بەدەستیانەوە دەگرن و نمایشى خۆجوانکردن ئەنجام دەدەن.)
سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ لەکۆتایى پۆستەکەیدا دەڵێت (دەوڵەتدارى و حوکمڕانى بەکەسانێک دەکرێت کە روئیا (ڤیژن)یان هەبێت بۆ داهاتووى وڵات و کار بۆ خەڵک بکەن و شوێن دەستیان دیار بێت لەمێژووى وڵاتەکەیاندا، نەک بەکەسانێک کە لەئەرزى واقیعدا وڵات وێران بکەن و لەبەرکامێراشدا نمایشێکى بچوکى ساختە بکەن.)