لە گوندى گۆجاڕێى قەزاى ئاکرێ بیرە نەوتێک بۆ دانیشتووانەکەى بووە بە کێشە و، دانیشتووانى گوندەکە لە بەرامبەر بیرە نەوتەکە کۆبوونەوە و داواى دامەزراندن و سودمەندبوونیان کرد لە داهاتى بیرە نەوتەکە.
لە گوندى گۆجاڕێى قەزاى ئاکرێ بیرە نەوتێک بۆ دانیشتووانەکەى بووە بە کێشە و، دانیشتووانى گوندەکە لە بەرامبەر بیرە نەوتەکە کۆبوونەوە و داواى دامەزراندن و سودمەندبوونیان کرد لە داهاتەکەى.
دواى کۆبوونەوەکە هاوکات هێزەکانى ئاسایش و پۆلیس لە نزیک هاوڵاتییان بڵاوەیانپێکرا و گوندنشینان رەتیانکردەوە کۆتایى بە ناڕەزاییەکەیان بهێنن تا ئەو کاتەى داواکارییەکانیان جێبەجێ دەبن.
ئەم پێداگرییەش سەرى کێشا بۆ شەڕ و ئاڵۆزى لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و دانیشتووانى گۆجاڕ، هێزە ئەمنییەکان بە تەقەکردن بە ڕووى خۆپیشاندەراندا و لێدان بە دار، دەیانویست بڵاوەیان پێبکەن، دانیشتووانى گوندەکەش بە بەردبارانکردن ڕووبەڕووى هێزە ئەمنییەکان بوونەوە.
سەباح زوهێر بەرپرسى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى تەندروستیى ئاکرێ بە ئێن ئاڕ تیى راگەیاند، لە ڕووداوەکەدا ٣٦ کەس برینداربوون، لەناو بریندارەکانیشدا منداڵ و ژنیشى تێدایە، سێ لە بریندارەکانیش پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکانن.
بەهۆى ڕووداوەکەشەوە ژمارەیەک لە هاوڵاتییانى گوندى گۆجاڕێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران و دواتر ئازادکران.
بەڕێوەبەرى ناحیەى بجیلیش بە ئێن ئاڕ تیى ڕاگەیاند، دواى گفتوگۆ لەگەڵ دانیشتووانى گوندەکە، ڕێککەوتن لەسەر ئەوەى ٢٥ کەس لە دانیشتووانى گوندەکە لەسەر ئەو بیرە نەوتە دابمەزرێنن، بەمەش خۆپیشاندان کۆتایی پێ هێنرا.
پێشتریش دانیشتووانى ئەو گوندە چەندینجار بە مەبەستى دامەزراندن لەسەر ئەو بیرە نەوتەى لە گوندەکەیاندایە خۆپیشاندانیان کردووە، بەڵام تا ئێستا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکراوە.
جگە لە توندوتیژى بەرامبەر بە هاوڵاتییان، هێزە ئەمنییەکان پەیامنێرى ئێن ئاڕ تییان لە شوێنى رووداوەکە دوورخستەوە.