سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی چیرۆکی ئەو ملوانکەیە دەگێڕێتەوە کە لە گۆرە بەکۆمەڵەکەی سەماوەدا بوو

فۆتۆ: 
2019-08-03

24465 جار خوێندراوەتەوە

لە گوندى فەتاح هۆمەر، چیرۆکى ملوانکەیەکى زێڕ هەیە کە لە گۆڕێکى بەکۆمەڵى ئەنفالکراوانى گەرمیاندا لە سەماوە دۆزراوەتەوە.


لە گوندى فەتاح هۆمەر، چیرۆکى ملوانکەیەکى زێڕ هەیە کە لە گۆڕێکى بەکۆمەڵى ئەنفالکراوانى گەرمیاندا لە سەماوە دۆزراوەتەوە.

ملوانکە دۆزراوەکە هاوشێوەى هەمان ملوانکەیە کە زیاتر لە ٣٠ ساڵ لەمەوپێش نەسرین فەتاح لە وێنەیەکى یادگاریدا لە ملى کردووە و، ئەو کاتەش کە لەگەڵ خێزانەکەیدا ئەنفالکراون هەر لە ملیدا بووە.

سەعدیە، خوشکى نەسرینە و لە سەروەختى ئەنفالدا لە قەزاى کفرى ژیاوە، زیاتر لەسەر چیرۆکى ملوانکەى خوشکەکەى دەزانێ، چەند ساڵێک پێش ئەنفال کڕیوویەتى و ملوانکەى زێڕى پێنج لیرەى پێ وتراوە.

ئەوەى ئەم بڕوایەى لاى ئەم خێزانە دروستکردووە کە ملوانکەکەى هەمان ملوانکەى کچەکەیانە ئەوەیە، ملوانکەى ناو گۆڕە و لەگەڵ ئەوەى ناو وێنەکە لەیەکدەچن.

هاوکات، ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەى ملوانکەکەى تێدا دۆزراوەتەوە بە وتەى تاکە ڕزگار بووى گۆڕەکە، سەرجەمیان ژن و منداڵن و دانیشتووى گوندەکانى کوڵەجۆو قەڵاقۆچاڵى و دەوروبەرى بوون، ئەم خێزانەش لە کاتى پرۆسەى ئەنفالدا لە گوندى قەڵاقۆچاڵى دانیشتوون.

مەحمود یەکێکە لە برا ڕزگاربووەکانى نەسرین، لە مۆبایلەکەیدا لە وێنەى ملوانکەکە ورد دەبێتەوە، وێنەى خوشکەکەیشی لە دەستەکەى تریدایە و هەردوو وێنەکە بەراورد دەکات، پێیوایە ئەوەى لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەى سەماوەدا دۆزراوەتەوە هەمان ملوانکەى خوشکەکەیەتى.

ئێستا ئەم خانەوادەیە لە بارێکى دەروونى ئاڵۆزدان، بە دەرکەوتنى ئەو ملوانکە برینیان کولاوەتەوە، بەڵام دڵخۆشیشن بە دۆزینەوەى چارەنووسى کەسەکانیان، تەنها لەم خانەوادەدا ٢٢ کەس ئەنفالکراون، چەند کەسێکیشیان بەڕێگەى جیاواز ڕزگاربوون، ئەمانە بەشێک لە منداڵە ڕزگاربووەکان و نەوەکانى فەتاح ئەحمەدن، هەریەکەیان وێنەى ژمارەیەک لەوانەیان بەدەستەوەیە کە تەنها وێنەکانیان دواى خۆیان بە یادگارى ماوەتەوە.