سەردێڕ:

لە پەرلەمانى کوردستان پرۆژەى وزە نوێیەکان بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا ئامادە دەکرێت

فۆتۆ: 
2019-08-02

3412 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ ئەوەی ساڵانە لە هەرێمی كوردستان پارەیەكی زۆر لە بەرهەمهێنانی كارەبا خەرج دەكرێت تا ئێستا هەنگاوی جدی نەنراوە بۆئەوەی وزە نوێیەكان بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا بەكاربهێندرێت.


لەگەڵ ئەوەی ساڵانە لە هەرێمی كوردستان پارەیەكی زۆر لە بەرهەمهێنانی كارەبا خەرج دەكرێت تا ئێستا هەنگاوی جدی نەنراوە بۆئەوەی وزە نوێیەكان بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا بەكاربهێندرێت.

لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان سەرقاڵی نوسینەوەی پرۆژەیەكە بۆ بەكارهێنانی وزە نوێیەكان بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لە كوردستان بەتایبەت سوود وەرگرتن لە تیشكی خۆر.

كاروان گەزنەیی ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان دەڵێت، لە ئێستادا کار لەسەر پڕۆژەى وزە نوێیەکان دەکەن بۆ بەکارهێنانى لە کارەبادا، کە بەم نزیکانە تەواودەبێت و پێشکەشى پەرلەمانى کوردستانى دەکەن بۆئەوەى ببێتە یاسا.

هەرێمی كوردستان ساڵانە نزیكەی ٨٠٠ ملیۆن دۆلار لە بەرهەمهێنانی كەرتی كارەبا خەرج دەكات، كە بەشێكی زۆری ئەو تێچووە لە دابینكردنی سوتەمەنی بۆ وێستگەكان خەرج دەكات.

حەمەد ئەمین هەورامی راوێژكاری وەزارەتی كارەباش بە گرنگی دەزانێت پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی تایبەت بە وزە نوێیەكان دەربكات بۆئەوەی وەزارەتی كارەباش كاری لەسەر بكات و سوود لە وزەى نوێ وەربگرێت.

لە هەولێر رێكخراوێكی ئەڵمانی كۆنفڕانسێكی تایبەت بە گرنگیی وزە نوێیەكانی رێكخست، كە ژمارەیەك لە نوێنەری وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و شارەزایان و مامۆستایانی زانكۆ بەشدارییان كرد.

مامۆستایەكی زانكۆ كەش و هەوای هەرێمی كوردستان بە گرنگ دەزانێت بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لە رێگەی وزە نوێیەكان، بە تایبەت تیشكی خۆر.

وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان ٨٠% لە رێگەی غازی سروشتییەوە كاردەكەن، كە ئەو غازە لە دوای بەكارهێنانی مادەیەكی زیانبەخش دەردەكات، کە زیانی بۆ ژینگە هەیە، بۆیە بەكارهێنانی وزەی نوێ بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا ژینگەی كوردستانیش دەپارێزێت.