لە ماوەی ڕابردوودا، زۆربەی پرسە سیاسییەکانی پارێزگای کەرکوک، پێکهاتەکانی کردبوو بە چەند بەشێکەوە و پێکهاتەکان بۆچوونی جیاوازیان دەبوو، بەڵام هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکە، زۆرینەی پێکهاتەکانی کۆک کردووە لەسەر ئەنجامنەدانی، بەڵام هەریەکەی بە هۆکارێک .
لە ماوەی ڕابردوودا، زۆربەی پرسە سیاسییەکانی پارێزگای کەرکوک، پێکهاتەکانی کردبوو بە چەند بەشێکەوە و پێکهاتەکان بۆچوونی جیاوازیان دەبوو، بەڵام هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکە، زۆرینەی پێکهاتەکانی کۆک کردووە لەسەر ئەنجامنەدانی، بەڵام هەریەکەی بە هۆکارێک .
بەشێک لەحزبە کوردستانییەکانی کەرکوک، لەگەڵ نوێنەری یۆنامی لە پارێزگاکە کۆبوونەوە، سەرجەم لایەنەکان ئەوەیان بە یۆنامی ڕاگەیاندووە، کە دۆخی سیاسی وسەربازی کەرکوک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەبار نیە.
ئیبراهیم خەلیل، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکگرتوو دەڵێت، دەبێ دۆخى ئەمنى و ئیدارى شارەکە ئاسایی بکرێتەوە، چونکە لەم دۆخەدا هەڵبژاردن بەشێوەیەکى نائاسایی دەردەچێت و کورد زەرەرمەند دەبێت تیایدا.
عەرەبەکانی کەرکوک یاسای نوێی ژمارە ۱۲ی ساڵی ۲۰۱٨ ی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیان کردووە بە بیانوو بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن، ئەوان پێیان وایە ، کاتی دیاری کراو لەیاساکەدا بۆ وردبینی تۆماری دەنگدەران کە تا ۳۱ ی ۱۲ ی ۲۰۲۰ە گونجاو نیە چونکە بەشی زۆری کاتی دیاری کراو دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنەوە بەمەش ناتوانرێت تەواوی لیستەکە وردبینی بۆ بکرێت
رەمڵە عوبەیدی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش ئاماژەى بەوەکرد، ئەو یاسایە کێشەکانى چارەسەر نەکردووە، چونکە جیاوازى لەنێوان هاوتاکردن و وردبینیدا هەیە کە لەیاساکەدا هاوتاکردن ئاماژەى پێکراوە و وادەى هاوتاکردنەکە لەیاساکەدا دەکاتە دواى هەڵبژاردن.
هاوکات تورکمانەکان هاوشێوەی عەرەبەکان ڕخنەیان لە کاتی وردبینی تۆماری دەنگدەران هەیە ، بەوپێیەی لە ۱٤ ساڵی ڕابردووشدا بەهۆی وردبینی نەکردنی تۆماری دەنگدەرانەوە هەڵبژاردن ئەنجام نەدراوە .
قاسم حەمزە، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش داوایکرد، هەڵبژاردن دوابخرێت بۆ دواى وردبینى تۆمارى دەنگدەران، یان یاساکە هەمواربکرێتەوە و بەروارەکە بکرێتە مانگى ١٢ى ٢٠١٩ یان مانگى یەکى ٢٠٢٠.
هەرسێ پێکهاتەی کورد و عەرەب و تورکمان ، یاسای نوێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە بەرژەوەندی خۆیان نازانن . کورد بە بیانوی ئاسایی نەبوونەوەی دۆخی سیاسی و ئەمنی پارێزگاکە و عەرەب و تورکمانیش بەبیانوی خراپی یاساکە، لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک نین بەم دۆخ و یاسایەی ئێستاوە.