پڕۆژە یاسای چاکسازیی لە خانەنشینیی موچە کە لە کۆتاییەکانی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان زۆرترین قسە و باسی لێ کەوتەوە و سەرباری پەسەندکردنی لەلایەن پەرلەمانەوە، بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە گەڕێنرایەوە بۆ حکومەت، جارێکی تر حکومەت دەیەوێت بە هەندێک دەستکارییەوە بینێرێتەوە بۆ پەرلەمان.
پڕۆژە یاسای چاکسازیی لە خانەنشینیی موچە کە لە کۆتاییەکانی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان زۆرترین قسە و باسی لێ کەوتەوە و سەرباری پەسەندکردنی لەلایەن پەرلەمانەوە، بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە گەڕێنرایەوە بۆ حکومەت، جارێکی تر حکومەت دەیەوێت بە هەندێک دەستکارییەوە بینێرێتەوە بۆ پەرلەمان.
پڕۆژە یاسای چاکسازی لە خانەنشینیی موچە و دەرماڵە جارێکی دیکە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئامادەکراوە و بڕیارە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت و بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانەوە.
لە پڕۆژە یاساکەی ئەمجارەی ئەنجومەنی وەزیراندا گۆڕانکاریی زۆر نەکراوە بەراورد بە پڕۆژەکەی پێشوو.
بەپێی زانیارییەکان، لە پڕۆژە یاساکەی ئەمجارەی ئەنجومەنی وەزیران کەمترین موچەی خانەنشینی بە ٣٠٠ هەزار دیاریکراوە و خانەنشینیی پەرلەمانتاران و وەزیرەکانیش لە سێ ملیۆنەوە تا ٦ ملیۆن دینار دیاریکراوە.
عەباس فەتاح جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانیش دەڵێت، پڕۆژە یاساکە هیچ دڵخۆشکەر نییە بۆ موچەخۆران، بە تایبەتی ئەوانەی موچەکانیان کەمە وەک خۆی دەمێنێتەوە و موچەی کەس زیاد ناکرێت.
پڕۆژە یاساکە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەنجومەنی وەزیران ئاڕاستەی پەرلەمانی بکات و سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش ئاراستەی لیژنەی یاسایی دەکات.
دواتر سەرجەم لیژنەکانی پەرلەمان ڕاپۆرتی خۆیانی لەسەر ئامادە دەکەن، چونکە پرۆژەکە زۆربەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەگرێتەوە.
جەلال محەمەد بڕیاردەری لیژنەی یاساییش دەڵێت، پڕۆژەکەی ئەمجارەی ئەنجومەنی وەزیران گۆڕانکاریی زۆری تێدا نەکراوە، بەڵام وەک پەرلەمان دەتوانن گۆڕانکاریی تێدا بکەن، پێشنیازیش کراوە پرۆژەیەکی جیاواز لەسەر موچە و خانەنشینیی پەرلەمانتاران ئامادە بکرێت تا بتوانن تێیپەڕێنن.
کاوە عەبدولقادر جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێش باس لەوە دەکات، ئەوان پرۆژەیەکیان ئامادە کردووە و هەوڵدەدەن لەگەڵ پرۆژەکەی حکومەت تێکەڵ بکرێت، کە کەمترین مووچەی خانەنشینی ٥٠٠ هەزار دینار بێت و، موچەی فەرمانبەرانیش زیادبکرێت تا جیاوازی زۆر نەبێت لە نێوان فەرمانبەران و پلە باڵاکاندا.
پڕۆژە یاسای چاکسازی لە خانەنشینیی موچە و دەرماڵەی فەرمانبەران لە خولی پێشووی پەرلەمان دەرچوێنرا، بەڵام بەهۆی فشاری شەقام و هاوڵاتییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، یاساکە رەتکرایەوە و سەرۆکایەتیی ئەوکاتەی پەرلەمان گەڕاندیەوە بۆ حکومەت.