ناوەڕاستی وەرزی هاوینە و پلەکانى گەرما لە گوندێکى هەرێمى کوردستان ناگەنە ١٤ پلەی سیلیزی.
ناوەڕاستی وەرزی هاوینە و پلەکانى گەرما لە گوندێکى هەرێمى کوردستان ناگەنە ١٤ پلەی سیلیزی.
گوندی وێزێ ئێستا فێنکترین ناوچەی هەرێمی کوردستانە، لەوێ خەڵک ئاشنا نین بە ئامێرەکانی فێنککەرەوە و تەنانەت لە وەرزی هاویندا پانکەش بەکارناهێنن.
وێزێ لە بناری حەسری سەکرانە، کە دەکەوێتە دووریی ١٠ کیلۆمەتری ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی چۆمان، وەرزی هاوین هیچکات دانیشتووانی ئەم گوندەی بێزارنەکردووە، بەڵکو گوندەکە لەم وەرزەدا قەرەباڵغتر دەبێت و هاوین وەرزی ژیان و کار و چالاکیی خەڵکی گوندەکەیە.
بە درێژایی وەرزی هاوین پلەکانی گەرما لەم گوندەدا لە نێوان ١١ - ١٤ پلەدایە، شەوان پلەکانی گەرما هێندە دادەبەزێت خەڵکی هاوشێوەی زستان لە ژوورەوە دەخەون.
لەم گوندە نزیکەی ٦٠ خێزان نیشتەجێن و ڕۆژانە سەرقاڵی کاری ئاژەڵداری و کشتوکاڵ و باخدارین، زۆرجار چوار وەرزی ساڵ بەفر دەمێنێتەوە، بەفر و سەرماى زستانان گوندەکە بە خەڵکەکەی چۆڵ دەکات و بە درێژایی وەرزەکە و تا سەرەتای بەهار ئێرە بە چۆڵی دەمێنێتەوە.
خەڵكی ئێرە ئاوی کانیاوەکان بۆ خواردنەوە بەکاردەهێنن بەبێ بەکارهێنانی هیچ ئامێرێکی ساردکەرەوە، لە ئێستادا گوندەکە بووەتە ناوچەیەکی گەشتیاری و زۆر کەس بۆ دەربازبوون لە گەرمای تاقەت پڕوکێنی هاوین ڕۆژانە سەردانی ئێرە دەکەن، گوندنشینانی ئێرەش بە دڵخۆشییەوە ڕۆژەکانی هاوین بەڕێدەکەن.
ئەگەر زۆربەی خەڵک ئێستا ئومێدی ئەوە بخوازن ڕۆژەکانی وەرزی هاوین زووتر بڕوات، ئەوا خەڵکی ئەم گوندە تەمەنای درێژیی ئەم وەرزە دەکەن، چونکە وەرزی کار و چالاکی و ژیانی خەڵکەکەیە و لەم وەرزەدا خەڵک زۆربەی کارەکانیان ئەنجامدەدەن.