بۆ چوارەم جارە لەلایەن دادگاکانى سلێمانییەوە بە تۆمەتى جۆراوجۆر فەرمانى دەستگیرکردن بۆ سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ دەردەچێت لەم ماوە کورتەدا، واتە لە ماوەى یەک ساڵ و نیوی رابردوودا، کە هاتووەتە ناو ژیانی سیاسەتەوە، دواین جار دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی بەپێی مادەی ٤٥٦ لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ شاسوار عەبدلواحید دەرکردووە.
بۆ چوارەم جارە لەلایەن دادگاکانى سلێمانییەوە بە تۆمەتى جۆراوجۆر فەرمانى دەستگیرکردن بۆ سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ دەردەچێت لەم ماوە کورتەدا، واتە لە ماوەى یەک ساڵ و نیوی رابردوودا، کە هاتووەتە ناو ژیانی سیاسەتەوە، دواین جار دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی بەپێی مادەی ٤٥٦ لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ شاسوار عەبدلواحید دەرکردووە.
پێشتر شاسوار عەبدولواحید کاتێک سەرقاڵی بازرگانى و کۆمپانیاکانی بوو، هیچکات فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرنەچوبوو، سەرباری ئەوەی کە چەندین کۆمپانیا و پرۆژەی هەبووە، بەڵام لە ئێستادا وەک جوڵانەوەکە خۆی دەڵێت، بەهۆی تەسلیم نەبوونیان بە دەسەڵات و بەرگری لە مافی خەڵک و نەبوون بە بەشێک لەم سیستمە گەندەڵە و ملنەدان بۆ یەکێتی و پارتی، ئەوا رۆژانە باجەکەی دەدەین و فشاری جۆراوجۆریان ڕووبەڕوو دەبێتەوە و تۆمەتی جۆراوجۆریان بۆ دروستدەکرێت.
سەرەتای فەرمانی دەستگیرکردنەکانی شاسوار عەبدولواحید دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٧ لە سەروبەندی خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان، کە ئەوکات بە تۆمەتی هاندانی خۆپیشاندەران و تێکدانی ئاسایشی وڵات، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ناوبراو دەرچوو.
دواتر و لە مانگی ٣ی ئەمساڵدا بە تۆمەتی بێڕێزی بەرامبەر ئاسایش و بەرامبەر کارمەندێکی فڕۆکەخانە، فەرمانێکی تری دەستگیرکردن بۆ شاسوار عەبدولواحید دەرچوو.
بۆ جاری سێیەم و لە مانگی پێنجی ئەمساڵ و بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی مۆبایل، فەرمانێکی تری دەستگیرکردن بۆ شاسوار عەبدولواحید دەرچوو.
دواهەمینیشیان ئەم فەرمانەیە کە ئەم جارە بە پێی مادەی ٤٥٦ دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ناوبراو دەرکردووە.
ئەم فەرمانى دەستگیرکردنە لەکاتێکدایە، بەپێى ئەم نوسراوە بێت، دەردەکەوێت پێشتر ١٠ سكاڵای هاوشێوە تۆماركراوە لە دادگا، کە تایبەت بووە بە پشکەکانى پرۆژەى گەشتیاریى چاڤى لاند، کە سەرجەمیشیان بەپێی مادەى ٤٥٦ بوە لە ساڵانی لە ساڵى ٢٠١٥ و ٢٠١٦، بەڵام بەپێی ئەم نوسراوانە بێت، ئەوکات دادوەرى لێکۆڵینەوە بریاریداوە بە رەتکردنەوەى سەرجەم داواکان کە لە چەند کاتێکی جیاوازدا تۆمار کراون، هەروەها دۆسیەکەشى داخستووە و دەڵێت سکاڵاکاران دەتوانن لە دادگای بەرایی سکاڵا بکەن.
دواتر سکاڵاکاران چونەتە دادگای بەرایی و لەوێ سکاڵایان تۆمارکردووە، لەسەر هەمان بابەت، بەڵام بەپێى ئەم بڕیارەی دادگای بەرایی سلێمانی کە پلەی کۆتایی وەرگرتوە و هەردوو دادگای تێهەڵچونەوە و تەمیز بریارەکەیان پشتراست کردوەتەوە و سکاڵاکاران داواکەیان دۆراندووە.
بەڵام لە ئێستادا جارێکى تر دادگا بەپێی هەمان ماددە لە یاسایی سزادانى عێراقى، کە پێشتر سکاڵایان تۆمارکردووە و دۆسییەکە داخراوە، کەچی دادگاى لێکۆڵینەوەى سلێمانى فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ شاسوار عەبدلواحید دەرکردووە بێ ئەوەی پێشتر هیج بانگهێشتێکی بۆ دەرکردبێت.
لەسەر ئەم پرسە، ئێن ئاڕ تى پەیوەندیکرد بە ژمارەیەک دادوەر و یاساناسەوە، بەڵام وەک ئەوان دەڵێن نابێت لە تاوانێکدا یان دۆسییەکدا دووجار لێکۆڵینەوە بکرێت، واتا ئەگەر لە تاوانێکدا لێکۆڵینەوە کرا، ناکرێت جارێکى تر لێکۆڵینەوەى لەسەر بکرێتەوە، بەشێکى تر لە یاساناسان دەڵێن، کەسى سکاڵاکەر، لەسەر یەک بابەت نابێت دووجار سکاڵا تۆمار بکات.
دواى بڵاوبونەوەى فەرمانى گرتن بۆ سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ کاردانەوەى جیاوازى لە ناو هاوڵاتیان دروستکرد، بەشێک لە هاوڵاتیان دەڵێن، حزبى دەسەڵاتدار نایەوێت شارى سلێمانی هێمنی و ئارامی بەخۆیەوە ببینێ و شاسوار بوەتە بەهانە بۆیان، بەشێکى تریش دەڵێن، هەر كەسێك ئازاو بوێر بێت توشی هەموو ناخۆشیەك دەبێتەوە.
هەندێکی تریش دەڵێن دەبێت دادوەر و دادگاکان بۆ هەموو کەس وەکو یەک وابێت و هەموو کەس دەبێت ملکەچى فەرمانەکانى دادگا بێت، بەڵام دادگاش دەبێت یەکسان بێت بەرامبەر خەڵکى دەسەڵاتدار و بێ دەسەڵات.