سێ مانگە کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال لە چاوەڕوانیی گەڕانەوەی ئێسک و پروسکی ژمارەیەک قوربانیدان، کە لە دوو گۆڕی بەکۆمەڵدا لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا لە شارۆچکەی سەماوە دۆزاونەتەوە، بەڵام تا ئێستا کار لەسەر هەڵدانەوەیان نەکراوە.
سێ مانگە کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال لە چاوەڕوانیی گەڕانەوەی ئێسک و پروسکی ژمارەیەک قوربانیدان، کە لە دوو گۆڕی بەکۆمەڵدا لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا لە شارۆچکەی سەماوە دۆزاونەتەوە، بەڵام تا ئێستا کار لەسەر هەڵدانەوەیان نەکراوە.
کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال نیگەرانن و پێیانوایە حکومەت تەنها لە ساڵیادی تاوانی ئەنفالدا کۆمەڵێک بەڵێنیان پێ دەدەن و دوای کۆتاییهاتنی مەراسیمی ساڵیادەکانیش بەڵێنەکان لەبیردەکەن.
بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، گومان دەکرێت لە تەنیشیت ئەو دوو گۆڕە بەکۆمەڵەی سەماوەدا، لە هەمان شوێن دوو گۆڕی تری بەکۆمەڵ هەبن، ژمارەی قوربانییانی ناو سەرجەم گۆڕەکانیش ٣٠٠ تا ٤٠٠ قوربانی بن.
حکومەتی عێراق ئامادەکاریی تەواوی بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکان کردووە، بەڵام ڕێکخراوەکانی ئەنفال دەڵێن، یەکێتی و پارتی بەهۆی کێشە و ململانێی سیاسیی نێوانیان و بە بیانووی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتەوە، ئامادەنەبوون ئەو گۆڕانە هەڵدەنەوە و ئێسک و پروسکی ئەنفالکراوان بگەڕێننەوە بۆ زێدی خۆیان کە یەکێکە لە داواکارییە سەرەکی و هەمیشەییەکانی کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال.
هاوڕێ پێشڕەو سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکی لە کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال دەڵێت، حکومەتی عێراق تیمەکانی ئامادەکردووە و چاوەڕوانی حکومەتی هەرێم دەکات بۆئەوەی کاربکەن بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکان.
بەپێی دانپێدانانی بەرپرسانی بەعس لە ئەنفالی ساڵی ١٩٨٨دا ١٨٢ هەزار کەس بێسەروشوێن کراون، کە ئێسک و پروسکی بەشێکیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقدا دۆزراونەتەوە، تا ئێستاش تەنیا ئێسک و پروسکی نزیکەی ٣ هەزار قوربانی هێنراونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.