سێ حزبی کۆمەڵ و یەگگرتوو و بزووتنەوە، وشەی ئیسلامییان لە ناوەکانیاندا بەکارهێناوە، بەڵام لەناو ئەندامانی هەر سێ حزبەکەدا لەسەر مانەوە یان لابردنی پاشگرە ئیسلامییەکە، بۆچوونی جیاواز ھەیە و بەشێکیان لەگەڵ لابردنیدان.
سێ حزبی کۆمەڵ و یەگگرتوو و بزووتنەوە، وشەی ئیسلامییان لە ناوەکانیاندا بەکارهێناوە، بەڵام لەناو ئەندامانی هەر سێ حزبەکەدا لەسەر مانەوە یان لابردنی پاشگرە ئیسلامییەکە، بۆچوونی جیاواز ھەیە و بەشێکیان لەگەڵ لابردنیدان.
چەند مانگێکە بیرۆکەی لابردنی پاشگریی ئیسلامیی لەناو کۆمەڵدا بووەتە باسوخواس، پێشتریش عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵ باسی لەوەکردبوو، ئەگەر پاشگریی ئیسلامیی کۆسپ بێت لەنێوان ئەوان و خەڵکدا، دەبێت لای ببەن.
لە وتارێکیشیدا دڵشاد گەرمیانی ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵ دەڵێت، ئەم پاشکۆ ئیسلامییە، لەئێستادا نەبارێکی گرانە و نە هەڵگرتنی پشتی ئێشاندوون، دەشڵێت، هەنگاونان بەئاڕاستەی ئەو جۆرە بیرکردنەوانە و قبوڵکردنیی لە کۆمەڵی ئیسلامی ناوەشێتەوە.
شوان رابەر بڕیاردەری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان دەڵێت، پێشنیازی لابردنی وشەی ئیسلامی کەسییە و لە کۆنگرەدا یەکلایی دەبێتەوە.
ئەندامانی یەگگرتووش ماوەی چەند ساڵێکە باس لە لابردن یان هێشتنەوەی وشەی ئیسلامی دەکەن لەناوی حزبەکەیاندا، پێشتریش لە کۆنگرەدا خرایە دەنگدانەوە، بەڵام ڕەتکرایەوە، لە کۆتایی ئەمساڵیشدا یەکگرتوو کۆنگرە دەبەستێت و جارێکی دیکە پێشنیازەکە دەخرێتە دەنگدانەوە.
یەحیا ڕێشاوی ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتوی ئیسلامی باسی لەوەکرد، ئەگەر بیرۆکەیەکى وا هەبێت کێشەیەکى زۆر گەورە نییە بۆ حزبە ئیسلامییەکان و ناوەرۆک گرنگترە لە ناو.
پێچەوانەی دوو لایەنەکەی دیکە، تائێستا لەناو بزووتنەوەی ئیسلامیدا لابردنی وشەی ئیسلامی نەبووەتە بابەتێک بۆ گفتوگۆ.
ئەحسەن حەسەن بەڕێوەبەری نوسینگەی رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان دەڵێت، پارتەکەى لە مێژووى خەباتى خۆیدا کارێکى وای نەکردووە زیان بە ناوەکەى بگەیەنێت، هەربۆیە بیرى لە لابردنى پاشگری ئیسلامى نەکردووەتەوە.
بەشێک لەو کەسانەی دەیانەوێت وشەی ئیسلامی لەناوی حزبەکان دووربخرێتەوە باس لەوە دەکەن کە دەیانەوێت کاری حزبایەتی و سیاسییان لەگەڵ بابەتە ئاینییەکاندا ڕێکبخەنەوە.
هەر حزبە و دەیەوێت بەجیا بڕیار لەسەر مانەوەی وشەی ئیسلامی بدات لەناو خۆیدا و نایەوێت کاریگەربێت بەلایەنێکی دیکە، کۆنگرەش ئەو دەسەڵاتەی هەیە کە گۆڕانکاریکردن لەناو حزبەکاندا پەسەندبکات یان ڕەتیبکاتەوە.