سەردێڕ:

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ بۆ حکومەت: بەرپرسن لە ژیان و گوزەرانی هەژاران

لەیەکەم کاردانەوەیدا
فۆتۆ: 
2019-07-11

3455 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لەپەرلەمانى کودستان لە وتارێکیدا لەبارەى سەرۆکى حکومەت و وەزیرەکانییەوە نووسیویەتى، "ئێوە بەرپرسن لە ژیان و گوزەرانی هەژاران."


سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لەپەرلەمانى کودستان لە وتارێکیدا لەبارەى سەرۆکى حکومەت و وەزیرەکانییەوە نووسیویەتى، "ئێوە بەرپرسن لە ژیان و گوزەرانی هەژاران."

"بیرتان نەچێت کفن گیرفانی نییە" ئەمە ناونیشانى وتارێکى سەرۆکی فراکسیۆنى نەوەى نوێ بوو لە پەرلەمانى کوردستان، کە وەک یەکەم کاردانەوەى بۆ سەرۆکی حکومەت و ئەو وەزیرانەى نووسی کە ڕۆژى ١٠ى ئەم مانگە دواى وەرگرتنى متمانەى پەرلەمان لەبەردەم پەرلەمانتاراندا سوێندیان خوارد.

کازم فاروق نوسیویەتى، "بە دەیان ئۆتۆمبیلی مۆدیل بەرز و سەدان حیمایەوە هاتن بۆ متمانە وەرگرتن، بڕۆن متمانە لای خودا وەربگرن."

ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، "راستە ئێستا ئەوان دەسەڵاتدارن و خەڵک هەژارن، بەڵام کەسێک هەیە کە لە هەموو دەسەڵاتدارێک بە دەسەڵاتترە، دەشڵێت، بیرتان نەچێت هەزارانی پێش ئێوە بە ئاپۆڕا و مەراسیمەوە هاتن، بەڵام دواجار بەتەنها و دوو گەز خامی سپیەوە بەڕێکران."

کازم فاروق بە سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکان دەڵێت، "ئێوە بەرپرسن لە ژیان و گوزەرانی هەموو هەژار و برسی و، نەخۆشێك، هەروەها بەرپرسن لە بێکاریی گەنجان و بێنازیی منداڵ و پیرەکان، ئەرکی ئێمەشە کە چاودێری وردتان بکەین."

ئەو وتانەى سەرۆکی فراکسیۆنى نەوەى نوێ دواى ئەوە هات دواى دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی حکومەت، مەسرور بارزانى کارنامەى چوار ساڵی داهاتووی حکومەتەکەى خوێندەوە، بەڵام باسی گەڕانەوەى پاشەکەوتى مووچە و باشکردنى دۆخی ژیانى خەڵک نەکرد.

هاوكات باسی لە چاککردنى دۆخی کارەبا و باشکردنى رێگاوبانەکان و گەیاندنى پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بە هاوڵاتيیان کرد، ئەوەش دواى ئەوە هات کە لە ٢٨ ساڵی حکومڕانى هەرێمدا نەتوانراوە ئەو خزمەتگوزارییە سەرەتاییانە بۆ خەڵکی دابینبکرێت.

حكومەتی هەرێمی كوردستان تائێستا موچەی تەواوەتی چوار مانگی ساڵی ٢٠١٥ و پاشەکەوتی مووچەی ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ و ٢٠١٨ و مووچەی تەواوی سێ مانگی ئەمساڵ قەرزارە.

سەرۆکی حکومەتیش لە بری پێدانى مژدەى گێرانەوەى پاشەکەوت و باشترکردنى دۆخی ژیانى هاوڵاتیان، باسی لەوەکرد ئەوان حکومەتێکیان وەرگرتووە کە چەندین ملیار دۆلار قەرزدارە، ئەو وتانەش بەوجۆرە خوێندنەوەى بۆ کرا کە لە ئێستاوە دەیەوێت خۆی لە بەرپرسیاریەتى دروبخاتەوە و هەروەها ئاماژەیەکیش بوو بۆ بەردەوامیی قەیرانەکان لە چەند ساڵی داهاتوودا.