شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵمان بەجێهێشت و لە نیوەی دووەمی ٢٠١٩داین، بەڵام هێشتا حکومەتی هەرێم لیترێک نەوتی رادەستی بەغدا نەکردووە و فەرمانبەرانیش تەنیا موچەی سێ مانگیان وەرگرتووە، لە بەرامبەریشدا بڕە پارەیەکی زۆر لە داهاتی نەوتی هەرێم نادیارە و نازانرێت چی لێکراوە.
شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ تێپەڕى، بەڵام هێشتا حکومەتی هەرێم لیترێک نەوتی رادەستی بەغدا نەکردووە و فەرمانبەرانیش تەنیا موچەی سێ مانگیان وەرگرتووە، لە بەرامبەریشدا بڕە پارەیەکی زۆر لە داهاتی نەوتی هەرێم نادیارە و نازانرێت چی لێکراوە.
بەپێی وتەی وەزیری نەوتی عێراق بێت، هەرێمی کوردستان رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات و تا ئێستا هیچ بڕە نەوتێکی لەو رێژەیەی بۆی دیاریکراوە رادەستی بەغدا نەکردووە.
کۆی گشتیی ئاستی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە مانگێکدا ١٢ ملیۆن بەرمیل نەوت بووە، بەو پێیەش کۆی گشتیی ئاستی هەناردەکردنی نەوت لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە ٧٢ ملیۆن بەرمیل نەوت.
بە پشتبەستن بە سایتی ئنڤێسیتن، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا نرخی بەرمیلێک نەوت بە تێکڕایی بە ٦٦ دۆلار مامەڵەی پێوەکراوە، هەرێمیش بە کەمتر لە ١٠ دۆلار لە نرخی بازارەکانی جیهان نەوتەکەی دەفرۆشێت، بەو پێیەش هەرێم لەو شەش مانگەدا بە تێکڕایی بەرمیلێک نەوتی بە ٥٦ دۆلار فرۆشتووە.
کۆی گشتیی ئەو داهاتەی هەرێم لە فرۆشتنی نەوتدا بە بۆرى تەنیا لە شەش مانگی رابردوودا دەستیکەوتووە، دەکاتە ٤ ملیار دۆلار. ئەمە جگە لەو نەوتەى بە تانکەر هەناردە دەکرێت، کە بەپێى زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی داهاتەکەى مانگانە زیاتر لە ١٥٠ ملیۆن دۆلارە.
جگە لەو بڕە پارەیەی هەرێم لە فرۆشتنی نەوتدا دەستیکەوتووە، لە شەش مانگی رابردوودا بەغدا ٥ جار پارەی رەوانەی هەرێم کردووە و بۆ هەر جارێکیش ٣٧٥ ملیۆن دۆلاری ناردووە و، کۆی گشتیی ئەو پارەی بەغدا لە سەرەتای ئەمساڵەوە رەوانەی هەرێمی کردووە، نزیکەی ٢ ملیار دۆلارە.
هاوکات بەپێی ئامارە نافەرمییەکان و زانیاریی بەشێکی پەرلەمانتاران، حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی داهاتی پاڵاوگەکان و گومرگ و باج و داهاتەکانی ناوخۆوە، نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار داهاتی هەیە، بەو پێیەش کۆی گشتیی داهاتی ناوخۆی هەرێم لە شەش مانگی رابردوودا، یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلارە.
کۆی گشتیی ئەو پارەیەی حکومەتی هەرێم لە داهاتی فرۆشتنی نەوت و پارەی رەوانەکراوی بەغدا و داهاتی ناوخۆی هەرێم لە شەش مانگی رابردوودا دەستیکەوتووە، زیاتر لە ٧ ملیار دۆلارە، ئەگەر دوو ملیار دۆلاریش درابێتە کۆمپانیاکانی بواری نەوت، ئەوا ٥ ملیار دۆلار دەمێنێتەوە، کە بەو بڕە پارەیە حکومەت دەیتوانی موچەی شەش مانگی فەرمانبەران دابەشبکات.
حکومەتی هەرێم بۆ موچەی هەر مانگێکی فەرمانبەران، پێویستی بە ٧٣٠ ملیۆن دۆلارە، لەمساڵیشدا تەنیا موچەی سێ مانگی دابەشکردووە، کە بۆ هەر سێ مانگەکە دەکاتە، ٢ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار، بەو پێیەش تەنیا لە شەش مانگی رابردوودا، زیاتر لە ٢ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلار لە داهاتی فرۆشتنی نەوت و ناوخۆ و ئەو بڕە پارەیەی بەغدا بۆ هەرێمی ناردووە دیارنەماوە و ناشزانرێت ئەو پارە زۆرە لە چیدا سەرف کراوە و چی لێ هاتووە.
ئ.ر