سەردێڕ:

لیژنەیەکى پەرلەمانى كوردستان سەردانى کەرکوکی کرد

فۆتۆ: 
2019-07-04

2681 جار خوێندراوەتەوە

دواى زیاتر لە ساڵێک و ٩ مانگ لە ڕووداوەکانى ١٦ى ئۆکتۆبەر، بۆ یەکەمجار لیژنەیەکى پەرلەمانى کوردستان بەدواداچوونى بۆ کێشەکانى کەرکوک دەستپێکرد.


دواى زیاتر لە ساڵێک و ٩ مانگ لە ڕووداوەکانى ١٦ى ئۆکتۆبەر، بۆ یەکەمجار لیژنەیەکى پەرلەمانى کوردستان بەدواداچوونى بۆ کێشەکانى کەرکوک دەستپێکرد.

لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە پاساوى ئاسایینەبوونەوەى دۆخى کەرکوک، نەچووەتە شارەکە و لە قەرەهەنجیر چاویان بە چین و توێژەکانى کەرکوک کەوت.

لیژنەکە بە جیا لەگەڵ نوسینگەی پەرلەمان و بەڕێوەبەری فەرمانگەکان و ڕۆژنامەنووسانی کەرکوک کۆبوونەوە، بڕیارە لە ڕاپۆرتێکدا ئەنجامى سەردانەکەیان بخەنە بەردەم سەرۆکایەتیی پەرلەمان.

جوان ڕۆژبەیانی سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەڵێت، لیژنەکەیان نوسراوێک لەسەر دۆخى ئەو ناوچانە رادەستى سەرۆکایەتیى پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن، چونکە پێشێلکارییەکى زۆر لەو ناوچانەدا دەکرێت.

سەردانی لیژنەکە پاش سوتانی دەغڵودانی جوتیارانی کورد و کێشەی عەرەبە هاوردەکان و پێشێلکارییەکانی تر دێت بەرامبەر هاوڵاتییانی کورد، لەمەشدا پەنجەى تۆمەت بۆ حکومەتی خۆجێی کەرکوک رادەکێشرێت.

مەلا ناسڕ بڕیاردەری لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمیش دەڵێت، هەوڵدەدەن لە ڕێگەی حکومەتی هەرێم و نوێنەرانی کورد لە بەغدا کار بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بکەن بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخەی ئێستا لە کەرکوک هەیە.

لە دواى ١٦ى ئۆکتۆبەرى ٢٠١٧وە ڕەوشێکى ئاڵۆز و ناسەقامگیر باڵى بەسەر کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکاندا کێشاوە و هاوڵاتییانى کورد گلەیى ئەوە دەکەن لەو گۆڕانکارییانەى لە ماوەى ئەو ساڵ و نۆ مانگەى رابردوودا روویانداوە بە پلەى یەکەم ئەوان کراونەتە ئامانج.