سەردێڕ:

کەلار.. دابینکردنی زەوی بۆ وەبەرهێنەرێک ناڕەزایەتیی لێکەوتووەتەوە

فۆتۆ: 
2019-06-29

2413 جار خوێندراوەتەوە

پارچە زەوییەک لە ناوجەرگەى بازاڕى کەلار شوێنی کۆنەفرۆشیە، بەڵام بڕیارە لە جێگەیدا پرۆژەیەکى گەورەى وەبەرهێنان دروستبکرێت، ئەوەش ناڕەزایی لێکەوتووەتەوە.


پارچە زەوییەک لە ناوجەرگەى بازاڕى کەلار شوێنی کۆنەفرۆشیە، بەڵام بڕیارە لە جێگەیدا پرۆژەیەکى گەورەى وەبەرهێنان دروستبکرێت، ئەوەش ناڕەزایی لێکەوتووەتەوە.

ڕێکارەکانى دابینکردن و پێدانى ئەم زەوییە بە وەبەرهێنێک بووەتە جێگەى نیگەرانى پەرلەمانتار و ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى.

ئەوان پێیانوایە دابینکردنى زەوییەکە جۆرێکە لە بەهەدەردان، چونکە نرخى ئەو زەوییە بە ٢٠ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت، بەڵام لەبەرامبەر وەرگرتنى زەوییەکەدا وەبەرهێنەکە تەنها دوو پرۆژە بۆ کەلار دروستدەکات کە نرخى هەردووکیان کەمترە لە پێنج ملیۆن دۆلار و دەڵێن، بەو ١٥ ملیۆن دۆلارەى کە دەمێنێتەوە  دەتوانرێت چەندین پرۆژەى گرنگتر بۆ شارەکە دروست بکرێت.

ڕووبەرى زەوییەکە ٣ هەزار و ٤٠٠ مەترە، بەپێی یاساى وەبەرهێنان دراوە بە وەبەرهێنێک، بەرپرسانى شارەوانى کەلار دەڵێن ئەوان ئامانجیان تەنها کۆکردنەوەى پارە نییە، بەڵکو دەیانەوێت پرۆژەى ناوازە لە شارەکەدا دروست بکرێت.

ئەکرەم ساڵح سەرۆکى شارەوانى کەلار، ئەگەر نایاساییەک لە تەرخانکردن و دەستنیشانکردنى زەوییەکە هەیە داواکاریی گشتى و یاسا هەیە ڕێکاری خۆى بگرێتە بەر.

هێشتا ڕوون نییە کە زەوییە بە موساتەحە دەدرێت بەو وەبەرهێنە یاخود لەسەرى تاپۆ دەکرێت، بەپێى بەدواداچونى پەرلەمانتارانى ناوچەکە، ژمارەیەک لەو پرۆژانەى کە لە ماوەى ١٥- ٢٠ ساڵى ڕابردوودا لە سنوورى گەرمیاندا بە موساتەحە دراون بە وەربەرهێنەران، بەشێکیان پێش تەواو بوونیان پرۆژەکەیان لەسەر تاپۆکراوە، لەکاتێکدا ئەو پرۆژانە موڵکى شارەوانین و دەبێت دواى تەواو بوونى ماوەکەیان بۆ شارەوانى بگەڕێنرێنەوەو بەشێوەى زیادکردنى ئاشکرا بدرێنەوە بە کەسانى تر یاخود شارەوانى بەکرێی بدات.