زیندانییەک دواى سزادانى بە حەوت ساڵ زیندانى، هەر لە زینداندا قۆناغى ٩ى بنەڕەتى و ١٢ى ئامادەیی بڕیوە.
زیندانییەک دواى سزادانى بە حەوت ساڵ زیندانى، هەر لە زینداندا قۆناغى ٩ى بنەڕەتى و ١٢ى ئامادەیی بڕیوە.
پیاوێک لەپشت دەرگا داخراوەکان و لەناو قەفەزی زینداندا، چەند ساڵێکە لە خوێندن دابڕاوە و دواتر لەسەر دۆسیەیەک بە حەوت ساڵ زیندانیکردن سزادراوە، بەڵام لە زینداندا دەستیکردووەتەوە بە خوێندن و قۆناغی ٩ی بنەڕەتی و ١٢ی ئامادەیی بڕیوە، لە ماوەی پێنج ساڵ مانەوەی لە زینداندا.
هەژار لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەییدا ٨٧ پۆینت چواری بەدەستهێناوە، ڕۆژانەش حەوت کاتژمێر کۆششی کردووە، ئێستاش ئاواتی ئەوەیە بچێتە زانکۆ و خوێندن تەواوبکات، دوو ساڵی دیکەش سزاکەی کۆتایی دێت.
لەناو زیندانی چاکسازیی گەورانی هەولێردا، قوتابخانەیەک هەیە کە سەربە وەزارەتی پەروەردەیە و لە پۆلی یەکی سەرەتایی تا ١٢ی ئامادەیی تێدایە، لەمساڵیشدا ٣٢ خوێندکاری ناو زیندانەکە بەشداریی تاقیکردنەوەی ئەزموونە گشتییەکانیان کردووە و، ١٦ خوێندکاریان لە خولی یەکەمدا دەرچوون، هەر زیندانیکراوێکیش پۆلی ١٢ی ئامادەیی تەواوبکات دەتوانێت لە ڕێگەی سیستمی زانکۆلاینەوە فۆڕمی وەرگرتن لە زانکۆ پڕبکاتەوە.
توێژەرانی کۆمەڵایەتی ناو زیندانەکەش ئامانجیان ئەوەیە، زیندانیکراوەکان بە شێوازێک ڕابهێننەوە کە تێکەڵی کۆمەڵگا ببنەوە و دووربن لە هەر کێشە و گرفتێک.
لەناو زیندانی چاکسازیی گەورانی هەولێردا ١٤٠٠ زیندانی هەیە، کە نزیکەی ٤٠ زیندانییان ڕۆژانە لە ئاستە جیاوازەکاندا وانەکانیان دەخوێنن، یەکێک لە خوێندکارەکانیش سەرقاڵی خوێندنی ماستەرە و سێ کەسی دیکەشیان لە زانکۆن و هەفتانە چەند ڕۆژێک دەبرێنە زانکۆ بۆ خوێندنی وانەکانیان.
ئ.ر