تورکیا لە هەوڵەکانى بەردەوامە بۆ بەهێزکردنى پێگەى سەربازیی خۆى لەناو خاکى هەرێمى کوردستاندا، بۆ ئەوەش چاوى لە هاوکاریی حکومەتى هەرێم و هێزى پێشمەرگەیە.
تورکیا لە هەوڵەکانى بەردەوامە بۆ بەهێزکردنى پێگەى سەربازیی خۆى لەناو خاکى هەرێمى کوردستاندا، بۆ ئەوەش چاوى لە هاوکاریی حکومەتى هەرێم و هێزى پێشمەرگەیە.
بەپێى راپۆرتێکى ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر، بە پشتبەستن بە زانیارییەکانى سەرچاوەیەکی ئەمنی، تورکیا هەوڵ بۆ ئەوە دەدات پێگەی هەمیشەیی خۆی لە هەرێمی کوردستان قایمتر بکات بۆ بەئەنجامگەیاندنی ئۆپراسیۆنە سەربازی و ئاسمانییەکانی دژبە پەکەکە.
سەرچاوەیەکى ئەمنی قسەى بۆ ماڵپەڕەکە کردووە و، ئاشکرایکردووە زیاتر لە چوار هەزار سەربازی تورکی، کە سەربە دوو لیوای کۆماندۆن، بەشداری لە ئۆپراسیۆنە نوێکە دەکەن لە چیای خواکورک، کە نزیکەی مانگێکە دەستیپێکردووە و بەهۆیەوە تا ئێستا چوار سەربازی تورکیا کوژراون.
بە وتەى سەرچاوە ئەمنییەکە، ئۆپراسیۆنەکەی خواکورک هاوشێوەی ئۆپراسیۆنێکی ساڵی ١٩٩٧ دەبێت، کە شەش هەزار سەربازی تورکیا و هەشت هەزار پێشمەرگە بەشدارییان تێدا کرد، لە کۆتایی ئەو ئۆپراسیۆنەشدا کە ماوەی سێ مانگی خایاند، سوپای تورکیا بە پشتیوانیی پێشمەرگە بنکەی سەربازیی زاخۆ، دهۆک، باتیفا، شیلادزێ و چەند ناوچەیەکی دیکەی دامەزراند.
لە بەرامبەریشدا لیوا قارەمان جێگری سەرۆک ئەرکانی ھێزەکانی پێشمەرگە، بۆ ئێن ئاڕ تى جەخت لەوە دەکاتەوە، لەلایەن تورکیاوە هەرکاتێک هێرش یان بۆردومانى بارەگاکانى پەکەکە بکرێت، ئەوا لاى ئەوان تۆماردەکرێت و ئاگادارى دەبن، بەڵام لە ئێستادا زانیارییان لەسەر ئۆپراسیۆنى تورکیا لە ناوچەى خواکوڕک نییە.
بەپێى ئەلمۆنیتەر بێت، لە قۆناغی داهاتووی ئۆپراسیۆنەکەدا، کە لەژێر ناوی (ئۆپراسیۆنی چنگ) دەستیپێکردووە، هێزەکانی تورکیا و هێزەکانی پێشمەرگە ئۆپراسیۆنی سەربازیی هاوبەشیان دەبێت و، دوای ئەوەی شکستیان بە پەکەکە هێنا، پێدەچێت ناوچەکە بخرێتەوە ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەوە.
سەرچاوەکە ئاشکرایکردووە، لە دوای ئەوەی مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوە بەشداریی لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانیدا کردووە، بڕیاردراوە دەستبەجێ ئۆپراسیۆنەکە دەستپێبکات.
سەرچاوە ئەمنییەکە سەرنجی خستووەتە سەر لایەنە ئابوورییەکەی ئۆپراسیۆنەکەی تورکیا و دەڵێت، لە ئێستادا حکومەتی هەرێم و ئەنقەرە خوازیارن پەیوەندییە ئابورییەکانیان گەشە پێبدەن، ئامانجێکی دیکەی ئۆپراسیۆنەکە ئەوەیە، پەرە بە بازرگانیی نێوان هەرێم و تورکیا بدرێت لە ڕێگەی کردنەوەی ڕێگای نێوان سلێمانی و پارێزگای هەکاری لە باکوری کوردستاندا.
ئەگەرى کردنەوەى رێگاى بازرگانیی نێوان سلێمانى و باکورى کوردستان، هاوکاتە لەگەڵ ئاساییبونەوەى پەیوەندییەکانى نێوان یەکێتى و تورکیا، کە دواى دەستگیرکردنى دوو بەرپرسى دەزگاى میت لە دوکان پەیوەندییەکانیان ئاڵۆزیی تێکەوت و، بۆ ئاساییبوونەوەى پەیوەندییەکانیش، یەکێتى چەند رێوشوێنێکى بەرامبەر گروپ و هێزەکانى نزیک لە پەکەکە گرتەبەر.
ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر نوسیوویەتی، پشتیوانیی حکومەتی هەرێم لە ئۆپراسیۆنەکەی تورکیا لە چیای خواکورک بە روونی دەبینرێت، بەڵام تا ئێستا نازانرێت تا چ ڕادەیەک پێشمەرگە وەڵامی داواکانی تورکیا دەداتەوە و تا ئێستاش بەغدا بێدەنگیی هەڵبژاردووە.
لە وەڵامى ئەوەدا لیوا قارەمان كەمال جێگری سەرۆک ئەرکانی ھێزەکانی پێشمەرگە بە ئێن ئاڕ تیى وت، "ئەوان ئاگاداری هیچ ئۆپراسیۆنێک نین و، هیچکاتیش هیچ جۆرە هەماهەنگی و پەیوەندییەک لە نێوان هێزەکانى پێشمەرگە و هێزە تورکییەکاندا نەبووە."
ئ.ر