شەوی ٢٣ى ئەم مانگە، کوڕێک لەگەڵ دایکیدا چووەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی چەمچەماڵ تا چارەسەری پێویست بۆ دایکی بکرێت، بەڵام لەکاتى وەرگرتنى چارەسەردا هێرشی کردووەتە سەر پزیشکێکی ئافرەت و بەهۆیەوە چاوێکی زیانی بەرکەوتووە.
شەوی ٢٣ى ئەم مانگە، کوڕێک لەگەڵ دایکیدا چووەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی چەمچەماڵ تا چارەسەری پێویست بۆ دایکی بکرێت، بەڵام لەکاتى وەرگرتنى چارەسەردا هێرشی کردووەتە سەر پزیشکێکی ئافرەت و بەهۆیەوە چاوێکی زیانی بەرکەوتووە.
فەنەن عەبدولقادر ئەو پزیشکەی هێرشیکراوەتەسەر بە ئێن ئاڕ تیی راگەیاند، نەخۆشێک لەگەڵ کوڕەکەیدا هاتووەتە نەخۆشخانە و کوڕەکەی داوایلێکردووە کە چارەسەری دایکی بکات، کە شتێک لە گوێچکەیدا بووە، ئەویش لەو کاتەدا لەگەڵ پزیشکێکی تایبەت بەو حاڵەتە بە تەلەفۆن قسەی کردووە، بەڵام کوڕەکەی هێرشیکردووەتەسەر و کێشاویەتی بە چاوی چەپیدا.
لە دوای رووداوەکە پۆلیسی چەمچەماڵ کەسێکی دەستگیرکردووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.
رەمەک رەمەزان قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێت، وەکو حکومەت سکاڵای یاساییان هەیە و دەستبەجێ فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ کەسێک دەرکردووە.
رووداوەکە کاردانەوەى بەدواى خۆیدا هێناوە، ڕێکخراوی خانمە پزیشکەکانی کوردستان و کارمەندانی تەندروستی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو جۆرە ڕەفتارە ناشایستە و ناشرینانە دەبنە هۆکاری ئەوەی گەنجەکان وڵات بەجێبهێڵن.
زیاتر لە ١٠٠٠ پزیشک و یاریدەدەری پزیشک لە دژی هێرشکردنە سەر ئەو پزیشکە واژۆیان کۆکردووەتەوە و داوادەکەن، بە زووترین کات تۆمەتباران و گومانلێکراوان ڕادەستی دادگا بکرێن و بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنن، یاسایەکیش بۆ پاراستنی پزیشک و کارمەند دەربکرێت.
لە ماوەى ئەمساڵدا ئەمە سێیەمجارە هێرشبکرێتە سەر پزیشک و کارمەندانى تەندروستى و بەشێک لە کەیسەکان هێشتا یەکلایی نەکراونەتەوە.
ئ.ر