جموجوڵەکان بۆ کارکردن لەسەر دۆسیەى نەوتی ھەرێم لە بەغداوە چووە قۆناغێکى نوێوە و بەغدا لێکۆڵینەوە لە کارى کۆمپانیاکانى پاڵاوتنى نەوتی هەرێم دەکات.
جموجوڵەکان بۆ کارکردن لەسەر دۆسیەى نەوتی ھەرێم لە بەغداوە چووە قۆناغێکى نوێوە و بەغدا لێکۆڵینەوە لە کارى کۆمپانیاکانى پاڵاوتنى نەوتی هەرێم دەکات.
پەرلەمانی عێراق لیژنەی بۆ لێکۆڵینەوە لە گرێبەستەکانی نێوان حکومەتی عێراق و ھەردوو کۆمپانیای کار و قەیوان و پاڵاوگەکانی نەوت لە ھەرێم پێکهێنا.
پێکهێنانى لیژنەکە بە بڕیارى محەمەد حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمان و دواى سەردانەکەى ٢٠ى ئەم مانگەى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم دێت بۆ بەغدا.
غالب محەمەد ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، کۆمپانیاى کار و قەیوان ماوەیەکى زۆرە گرێبەستێکیان کردووە کە گەندەڵییەکى زۆرى تێدایە و لە چەند بوارێک کراوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تى، گەندەڵییەکانی ئەم گرێبەستانە لە چەند بوارێک کراوە لەوانە:
یەکەم: پارەیەکی زۆر تەرخانکراوە لەلایەن حکومەتی عێراق بۆ ئەو کۆمپانیایانەی ھەرێم بۆ پاڵاوتنی نەوت.
دووەم: پارەیەکی زۆر تەرخانکراوە بۆ وەبەرھێنانی وزەی کارەبا بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق.
سێیەم: پیسکردنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان.
چوارەم: ناردنی نەوتی سپی و کوالێتی بەرز بۆ بەغدا و لە ھەمان کاتدا دابەشکردنی نەوتی خراپ و کوالێتى نزم لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان.
هەردوو جەمسەرەکەى شیعە پشتیوانى لە لیژنەکەى پەرلەمان دەکەن و پێشتریش لەسەر پرسى نەوتى هەرێم فشاریان لەسەر عادل عەبدولمەهدى کردووە. ئەندامێکی ھاوپەیمانیی بونیادیش دەڵێت، دەبێت حکومەتی عێراقی ھەڵوێستی جدی ھەبێت لەسەر ئەو گرێبەستانە.
پێکهێنانى لیژنە لەسەر نەوتى هەرێم لەکاتێکدایە، کە لە سەرەتای پێکھێنانی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەھدی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا بەرەو ھێوربوونەوە چوون، بەڵام دواى ناردنى ٤٥٤ ملیار دیناریش بۆ موچەى فەرمانبەرانى هەرێم و رادەستنەکردنى بڕى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بە کۆمپانیاى سۆمۆ، لەناو پەرلەمانەوە فشارەکان لەسەر حکومەت چڕبوونەتەوە بۆ کارکردن لەسەر دۆسیەى نەوتی ھەرێم.
ئ.ر