پاش ڕۆژێکى تەواو لە ڕاگرتنى، هەناردەى نەوتى کێڵگەکانى گەرمیان بۆ هەولێر دەستى پێکردەوە و شۆفێران بە بارى پڕ لە نەوتەوە بازگەکانى ئاسایشیان تێپەڕاند.
پاش ڕۆژێکى تەواو لە ڕاگرتنى، هەناردەى نەوتى کێڵگەکانى گەرمیان بۆ هەولێر دەستى پێکردەوە و شۆفێران بە بارى پڕ لە نەوتەوە بازگەکانى ئاسایشیان تێپەڕاند.
رۆژى چوارشەممە لە بڕیارێکى لە ناکاودا و لە بازگەکانى سنوورى گەرمیان، لەلایەن کارمەندانى ئاسایشەوە بە شۆفێرى ئەو تانکەرانەى نەوتى کێڵگەکانى گەرمیانیان لە بیرەکانى سەرقەڵا و چیاسورغەوە بۆ هەولێر هەڵگرتبوو، ڕاگەیەنرا بارەکانیان بگەڕێننەوە و نابێت لە بازگەکانى ئاسایشەوە تێپەڕن.
وتەبێژى ئاسایشی گەرمیان هۆکارى ئەو ڕێگرییەى بۆ تەواوبوونى مۆڵەتى کارکردنى کۆمپانیاى گوێزەرەوەى نەوتى سنوورەکە گەڕاندەوە و وتى ماوەى سێ ڕۆژە مۆڵەتى ئەو کۆمپانیا تەواو بووە.
ڕامیار عەبدلڕەحمان بەڕێوەبەرى ناحیەى سەرقەڵاش دەڵێت، ئەوە بۆ یەکەمینجارە بە بیانووى تەواوبوونى مۆڵەتەوە ڕێگرى لە هەناردەى نەوتى سنوورەکەیان دەکرێت و پێشتر هەر بە تەلەفۆنێک کارەکان تەواو دەکران.
بەرهەمى ڕۆژانەى نەوتى سنوورەکە ٣٥ - ٤٠ هەزار بەرمیلە کە لە ڕێگەى تانکەرەوە هەناردەى هەولێر و لەوێشەوە بە بۆرى هەناردەى دەرەوە دەکرێت، ڕووداوەکەش هاوکاتە لەگەڵ لێدوانى هەڕەشە ئامێزى بەرپرسانى یەکێتى و پارتیدا بە جیاکردنەوەى ئیدارە و مامەڵەى سەربەخۆ بە نەوتى ژێر دەسەڵاتى خۆیانەوە، بەتایبەت لێدوانەکەى مەحمود سەنگاوى ئەندامى مەکتەبی سیاسی یەکێتى لەو بارەیەوە.
لە سنوورى ئیدارەى گەرمیاندا ١٥ بلۆکى نەوت هەیە، بەڵام تەنها هەردوو کێڵگەى شاکەل و چیاسوورغ بەرهەمیان هەیە، کە بەرهەمى ڕۆژانەى هەرسێ بیرى سەرقەڵا یەک و سەرقەڵا دوو و سەرقەڵا سێ لە کێڵگەى شاکەل نزیکەى ٣٥ هەزار بەرمیل و چیاسوغیش ٥-٧ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمى ڕۆژانەیانە، بریاریشە بەم نزیکانە بەرهەمى نەوتى سنوورەکە بۆ ٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکرێـتەوە.
ئ.ر