سەردێڕ:

دادگای هەولێر پێنج تۆمەتباری دەستدرێژیکردنە سەر منداڵێکی کچی ئازادکرد

فۆتۆ: 
2019-06-19

8543 جار خوێندراوەتەوە

دواى ئەوەى بە تۆمەتى دەستدرێژیکردنە سەر کچێکى تەمەن حەوت ساڵ پێنج کەس لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران، دواتر لەلایەن دادگاى هەولێرەوە بە کەفالەت ئازادکران.


دواى ئەوەى بە تۆمەتى دەستدرێژیکردنە سەر کچێکى تەمەن حەوت ساڵ پێنج کەس لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران، دواتر لەلایەن دادگاى هەولێرەوە بە کەفالەت ئازادکران.

منداڵێكی تەمەن حه‌وت ساڵان قوربانیی توندوتیژیی سێكسییه‌، شڵەژان و نا ئارامیی دەروونیی پێوە دیارە، ئەو جێهێشتنی دایکی و ترس لەو ڕووداوانەی بەسەریهاتووە، زیاتر هۆگری باوەشی باوکی کردووە.

باوکی منداڵەکە دەڵێت، له‌ مانگی چواری ئه‌مساڵدا، به‌ یارمه‌تیی باوەژنەکەی و خوشکێکی باوەژنەکەی، له‌لایەن سێ گه‌نجه‌وه‌، کچەکەی بۆ شوێنێكی نادیار رفێندراوە و ده‌ستدرێژیی سێكسیی کراوەتەسەر.

باوکی منداڵەکە دەشڵێت، دوای ئاشكرابوونی ڕووداوه‌كە‌، ئەو پێنج کەسە له‌لایەن پۆلیسه‌وه دەستگیرکراون، بەڵام دواتر باوەژنی منداڵەکە و خوشکی باوەژنەکەی لەلایەن دادگاوە بە کەفالەت ئازادکران، ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگەش سێ کەسەکەی دیکە ئازادکران.

بۆ زانینی وردەکاریی ڕووداوەکە، بەرپرسانی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستانیش بەڵێن دەدەن بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکان بکەن.

به‌كر ڕه‌حمان سه‌رۆكی ڕێكخراوێكی منداڵپارێزان دەڵێت، بەدواداچوون دەکەن، ئەگەر دۆسیەکە راستبێت و ئەو تاوانبارانە ئازادکرابن، سەردانى داواکاری گشتى دەکەن و فشاریان دەکەنە سەر.

ئێن ئاڕ تی بۆ بەدواداچوونی زیاتری دۆسیەکە هەوڵیدا لێدوان لە بەرپرسانی دادگای هەولێر وەربگرێت، بەڵام بەردەست نەبوون و تا ئێستاش دادگای هەولێریش لەسەر ئازادکردنی ئەو تۆمەتبارانە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی بڵاونەکردووەتەوە، نازانرێت دۆسیەکە لە چ قۆناغێکی لێکۆڵینەوەدایە.

ئاسۆ هاشم یاساناسیش ڕەخنە لە دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم دەگرێت و دەڵێت، دادگاکان لە بەرامبەر هەندێک دۆسیەدا بە شێوەیەکی لاواز مامەڵە دەکەن.

باوکی منداڵەکە وەک خۆی دەڵێت چەند جارێک پێشنیازی بۆ کراوە، مەبەستی دانیشتن لەگەڵ خانەوادەی تۆمەتبارەکان و ڕێککەوتنە لەگەڵیاندا، بەڵام داواکارییەکانی ڕەتکردووەتەوە و دەیەوێت کێشەکە لە ڕێگەی یاساوە یەکلایی بکرێتەوە.

بەهۆی بارودۆخی کۆمەڵایەتییەوە، بەشێکی زۆری ئەو دۆسییانە، کەمترین زانیارییان لەبارەوە بڵاودەکرێتەوە، بەشێکی زۆری ئەو کەسانەش کە دەستدرێژی دەکرێتە سەریان بۆ پاراستنی باری کۆمەڵایەتییان، ئامادە نین وردەکاریی دۆسیەکان بڵاوبکەنەوە.