بەهۆى ئەوەى حکومەتى ئێستاى هەرێم لەلایەن خولى نوێی پەرلەمانەوە متمتانەى پێ نەدراوە، پەرلەمان ناتوانێت چاودێریی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بکات و چاوەڕوانى کابینەى نوێی حکومەت دەکات.
بەهۆى ئەوەى حکومەتى ئێستاى هەرێم لەلایەن خولى نوێی پەرلەمانەوە متمتانەى پێ نەدراوە، پەرلەمان ناتوانێت چاودێریی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بکات و چاوەڕوانى کابینەى نوێی حکومەت دەکات.
لە چوارچێوەی سەردانەکەشیدا بۆ سلێمانی مەسرور بارزانی بە ڕۆژنامەنووسانی وت، دەکرێت پەرلەمان ماوەی کارکردنی ئەم وەرزەی درێژبکاتەوە یان کۆبوونەوەیەکەی نا ئاسایی ڕێکبخات بۆ متمانەدان بە حکومەت، ئەوەش کاردانەوەی جیاوازی پەرلەمانتارانی لێکەوتووەتەوە.
دانا دارا ڕاوێژکاری یاسایی پەرلەمان دەڵێت، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ دانیشتنێکی نا ئاسایی پەرلەمان، یاساییە.
ئێستا یەکێتی و گۆڕان سەرقاڵی ئامادەکردنی سیڤی کانیدەکانیانن، بەڵێن ئیسماعیل پەرلەمانتارى گۆڕانیش دەڵێت، پێش کۆتایی ئەم مانگە سیڤی کاندیدەکانیان ڕادەستی مەسرور بارزانی دەکەن.
سیروان بابان پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێش ڕێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر ئەوەی کچ و کوڕی کام بەرپرس بکەنە وەزیر، بە هۆکاری دواخستنی پێکهێنانی حکومەت دەزانێت.
شێرکۆ جەودەت سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووش ڕەخنە لە دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت دەگرێت و دەڵێت، پێکهێنانی حکومەتێک بۆ نزیکەی ٩ مانگ دواکەوتبێت و پەرلەمان ناچاربکات پشوی خۆی کورت بکاتەوە، نیشانەی شڵەژاوی دۆخی هەرێمە.
هەفتەیەک بەسەر ڕاسپاردنی مەسرور بارزانیدا تێپەڕی بۆ پێکهێنانی کابینەکەی، لە ئێستاشدا پەرلەمان بەهۆی پێکنەهێنانییەوە ناتوانێت چاودێری حکومەت بکات و لێپرسینەوە لە گەندەڵی و کەموکوڕییەکانی بکات، ئەوەش لە کاتێکدایە ٢٦٢ ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕیوە.
تائێستا ئەوەی پەرلەمان و حکومەت بەیەکەوە دەبەستێتەوە تەنها کوردبوونە، چونکە نە پەرلەمان دەتوانێت لێپرسینەوە لە ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران بکات نە ئەوانیش ئامادەن بێنە پەرلەمان، بۆیە پەرلەمان لە چاوەڕوانی پێکهێنانی کابینەی نوێدایە تا چاودێریی حکومەتی نوێ بکات.