سەردێڕ:

بەڵێننامە بە جوتیارە کوردەکانى کەرکوک پڕدەکرێتەوە لەمەودوا زەوییەکانیان نەکێڵن

فۆتۆ: 
2019-06-15

2280 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ هەوڵەکانی لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەویوزار لە پارێزگاى کەرکوک، کێشەکان چارەسەر نەبوون، لەگەڵ ئەوەشدا هەرجارە و هەوڵێک یان بڕیارێک دەردەچێت و هێندەى تر کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات.


لەگەڵ هەوڵەکانی لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەویوزار لە پارێزگاى کەرکوک، کێشەکان چارەسەر نەبوون، لەگەڵ ئەوەشدا هەرجارە و هەوڵێک یان بڕیارێک دەردەچێت و هێندەى تر کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات.

لە دوایین بڕیاردا، بڵاوبوونەوەی بەڵێننامەیەکە کە دراوە بە موختار و ئەنجومەنی گوندەکانی ناحیەی پردێ بۆئەوەی بە جوتیارانی پڕبکەنەوە، یەکێک لە خاڵەکانی باس لە ڕێگریکردن دەکات لە کێڵانی زەوییەکان لەلایەن جوتیارانەوە، تا ئەوکاتەی دادگا زەوییەکان یەکلایی دەکاتەوە.

بەڵێننامەکە پاش کۆبوونەوەی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دێت لەگەڵ ئەنجومەنی ئەو گوندانە، جوتیارانیش ناڕازین لەو بڕیارە و پێیانوایە ئەو بڕیارە بۆ تەعریبکردنی ناوچەکانیانە و ئامادەنین بەڵێننامەکە پڕبکەنەوە.

لە بەڵێننامەکەدا هاتووە، دەبێت جوتیاران بەڵگەنامەی خاوەندارێتیی زەوییەکانیان پێشکەش بکەن، بۆئەوەى بیسەلمێنن کە خاوەنی زەوییەکانن، بە پێچەوانەوە لەکاتی پێدانی زانیاریی هەڵە ڕووبەڕووی یاسا دەبنەوە.

ئەندامێکی پەرلەمانى عێراقیش دەڵێت، ئەوان نوێنەرانی کوردیان لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە مەترسیی ئەو بەڵێننامەیە ئاگادارکردووەتەوە و داواشیان لە هەر سێ سەرۆکایەتییەکەى عێراقیش کرووە، بە دەرکردنى چەند بڕیارێک کێشەى ئەو جوتیارانە چارەسەربکات.

کێشەی موڵکداریی زەویوزار لە گوندەکانی کەرکوک لە دوای ۱٦ی ئۆکتۆبەرەوە سەریهەڵداوە، کە ئەو عەرەبە هاوردانەی پێش ساڵانی ۲۰۰۳ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە زەویی کوردیان بەسەردا دابەشکرابوو، لە ئێستادا داوای زەوییەکان دەکەنەوە و بە موڵکی خۆیانی دەزانن، جوتیارە کوردەکانیش دەڵێن ئەوان خاوەنى راستەقینەى زەوییەکانن.