دواى ئەوەى دەزگا ئەمنییەکانى کەرکوک ئەفسەرێکیان بە تۆمەتى دەستدرێژییکردنە سەر کچێک دەستگیرکرد، لە ئێستادا ئەفسەرەکە لە ژێر لێکۆڵێنەوەدایە و سەرۆکى لیژنەى مافى مرۆڤی ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوکیش داوایکرد، هیچ لایەنێک دەست لەم ڕووداوە وەرنەدات.
دواى ئەوەى دەزگا ئەمنییەکانى کەرکوک ئەفسەرێکیان بە تۆمەتى دەستدرێژییکردنە سەر کچێک دەستگیرکرد، لە ئێستادا ئەفسەرەکە لە ژێر لێکۆڵێنەوەدایە و سەرۆکى لیژنەى مافى مرۆڤی ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوکیش داوایکرد، هیچ لایەنێک دەست لەم ڕووداوە وەرنەدات.
لەسەر ڕێگای کەرکوک هەولێر لەکاتێکدا ناکۆکی لەنێوانیان کچ و کورێکی دەزگیراندار دروستدەبێت، ئەفسەرێکی پۆلیس بە ئۆتۆمبیلێکی حکومییەوە بەمەبەستی دورخستنەوەی کچ و کورەکە و نەهێشتنی ناکۆکیەکەیان کچەکەی لەگەڵ خۆیدا برد، دواتر دەزگا ئەمنییەكانی كەركوك، دەستگیركردنی ئەفسەرێكیان راگەیاند، كە تۆمەتبارە بە ڕفاندن و دواتر دەستدرێژی کردنە سەر کچێک.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی كاروباری ناوخۆیی و ئاسایش لە كەركوك ئەفسەرەکەی پۆلیس کە پلەی ڕائیده، ئۆتۆمبیلێکی جۆری پاترۆڵ نیسانی حکومی بەکارهێناوە بۆ ڕفاندنەکە و پلە و پۆستەکەی بۆ ترساندنی کچەکە بەکارهێناوه، کچەکەش تەمەنی ٢١ ساڵە و فەرمانبەری یەکێک لە نەخۆشخانەکانى کەرکوکە.
جوان حەسەن سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەڵێت، ئەوان هەموو ڕێکارە یاساییەکان دەگرنەبەر و داوادەکەن هیچ لایەنێک دەست لەم ڕووداوە وەرنەدات و مامەڵەی یاسایی لەگەڵ تۆمتبارەکەدا بکرێت.
سەرەتای هەفتەی ڕابردوو، دوای ئاگاداركردنەوەی پۆلیس لە رووداوەكە، بە بڕیاری دادوەر ئەفسەرەکە دەستگیركراوە، لەئێستاشدا لە پزیشکی دادوەری کەرکوک، لێکۆڵینەوە و پشکنینی پزیشکی بۆ کچەکە دەستیپێکردووە.
سرود محەمەد سەرۆکی ڕێکخراوی کۆمەڵەی هیوای عێراق بۆمافی ئافرەتانیش دەڵێت، ئەفسەرەکە پێشێلی یاسا و مافی کچەکەی کردووە، ئەوانیش سکاڵای یاسایی لەسەر ئەفسەرەکە تۆماردەکەن.
ئێن ئارتی هەوڵیدا لێدوانی کەسوکاری کچەکە وەربگرێت، بەڵام ئامادەنەبوون هیچ لێدوانێک بدەن تەنها وتیان سکاڵایان تۆمارکردوە و چاوەڕوانی بڕیاری دادگان.
هەرلەسەر ڕوداوەکە ئێن ئارتی چەندینجار هەوڵیدا لێدوانی پۆلیسی کەرکوک وەربگرێت، بەڵام ئەوانیش ئاماژەیان بەوەکرد، کە ڕاگەیاندراویان لەسەرڕوداوەکە بڵاوکردوەتەوە و هیچ لێدوانێکی دیکەیان نییە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی كاروباری ناوخۆیی و ئاسایش لە كەركوك ئەفسەرەکە بەپێی مادەی ٣٩٦ لە یاسای سزادانی عیراقی لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، ئەوەش خراوەتەڕوو كە دەستگیراوە بەسەر ئۆتۆمبێلە حكومییەكە و هەموو ئەو كەلوپەلانەی لەکاتی ڕفاندنەکەدا بەکارهاتوون.
ئ.ر