لە کەلار خێرخوازێک لە سەر ئەرکى خۆى خانەیەکى بۆ خزمەتی بەساڵاچووان و بێ سەرپەرشتان کردووەتەوە و مۆڵەتى کارکردنیشی لە حکومەتى هەرێم وەرگرتووە.
لە کەلار خێرخوازێک لە سەر ئەرکى خۆى خانەیەکى بۆ خزمەتی بەساڵاچووان و بێ سەرپەرشتان کردووەتەوە و مۆڵەتى کارکردنیشی لە حکومەتى هەرێم وەرگرتووە.
ماڵى حاجى ئاهوو بینایەکى دوو نهۆمى گەورەیە کە لەلایەن خێرخوازێکەوە دروستکراوە، حکومەتى هەرێم مۆڵەتى کارکردن و زەوی بیناکەى بە پرۆژەکە داوە، خانەکە ماوەى چەند مانگێکە کراوەتەوە، ژمارەیەک بەساڵاچووى لەخۆگرتووە و لە ئێستادا ٩ ژن و پیاوى بە ساڵاچوو و ٧ منداڵى بێ سەرپەرشتى تێدایە.
بیابان نورى سەرپەرشتیارى ماڵى حاجى ئاهوو دەڵێت، بەپێی ڕێنمایی وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى، ئافرەت لە سەروو ٥٠ ساڵ و پیاویش لە سەروو ٦٠ ساڵ لە ماڵەکەیان وەردەگرن، ئەگەر لەو تەمەنەدا نەبێت، دەبێت لە ڕێگەى دادگاوە ئەو کەسەیان بۆ بنێردرێت.
لەماڵى حاجى ئاهوو ١٢ کارمەند خزمەتی بەساڵاچووان دەکەن، کە دوو کارمەندیان بە خۆبەخش کار دەکەن و ئەوانى دیکە لەلایەن خاوەنى خانەکەوە موچەى مانگانەیان پێدەدرێت، بێ سەرپەرشتان و بەساڵاچووانى خانەکە چاودێرى کۆمەڵایەتى و تەندروستییان هەیە و لەلایەن کارمەندانى خانەکەوە ڕۆژانە خزمەت دەکرێن.
ئەگەرچى خانەکە لە بنەڕەتدا بۆ لەخۆگرتنى بەساڵاچووانە، بەڵام بەهۆى نەبوونى خانەى تایبەت بە لەخۆگرتنى منداڵانى بێ سەرپەرشت، خانەکە ژمارەیەک منداڵیشی لەخۆ گرتووە.
ماڵى حاجى ئاهوو بە ناوى دایکى ئەو خێرخوازەوە ناونراوە کە بیناکەى دروستکردووە، خانەکە تواناى لەخۆگرتنى زیاتر ١٠٠ کەسى هەیە، تەواوى خەرجی ڕۆژانەى بێ سەرپەرشت و بەساڵاچووان و موچەى کارمەندانى خانەکەش لەلایەن خاوەنى پرۆژەکەوە دابیندەکرێت.