بەهۆى بەرزبوونەوەى ئاستى ئاوى زێی بچووک، جوتیارانى سنورى تەقتەق زیانیان بەرکەوتووە و تا ئێستاش قەرەبوو نەکراونەتەوە.
بەهۆى بەرزبوونەوەى ئاستى ئاوى زێی بچووک، جوتیارانى سنورى تەقتەق زیانیان بەرکەوتووە و تا ئێستاش قەرەبوو نەکراونەتەوە.
مام ڕەئوف هاوڵاتییەکی دانیشتووی گوندی مەلا زیادی سەربە ناحیەی تەقتەقە، هاوشێوەی باب و باپیرانی ڕۆژانە کاری جوتیاری دەکات، بەڵام بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ئەمساڵ جوتیارێکی بێ بەرهەمە و خۆی ڕۆژانە دەچێتە بازاڕەکان بۆ کڕینی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان، چونکە زۆرینەی بەربوومەکانی ئەمساڵ لە نزیک زێی بچوک ژێرئاوکەوتن.
بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زێیەکە لە زستاندا، جگە لە مام ڕەئوف زیانی بە جوتیارانی دیکە و خاوەنی حەوزەکانی بەخێوکردنی ماسی و شوێنە گەشتیارییەکانیش گەیاندووە، بەڵام ئێستاش تەنها لێکۆڵینەوە لە زیانەکان کراوە و هیچ هەنگاوێک نەنراوە بۆ قەرەبووکردنەوەیان.
حاجی مەجید کە تەمەنی زیکەی ٨٠ ساڵە باس لەوە دەکات، لە ساڵانی ڕابردوودا ئاستی ئاوی زێیەکە بەمشێوازەی ئەمساڵ بەرزنەبووەتەوە و بەمشێوازەش زیان بەر هاوڵاتیان نەکەوتووە.
بەرپرسانی ئیداری ناوچەکەش باس لەوە دەکەن، کە سەردانی جوتیارانیان کردووە و بڕی ئەو زیانەی کەبەر جوتیاران و دانیشتوانی ناوچەکە کەوتووە تۆماریان کردووە و بۆ سەرووی خۆیان بەرزیان کردووەتەوە، بەمەبەستی قەرەبوو کردنەوەیان.
بەپێی خەمڵێنراوى بەڕێوەبەرایەتى بەرگرى شارستانى کۆیە زیاتر لە چوار ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار زیان بەر هاوڵاتییان کەوتووە.
گۆران ئەحمەد سماقەیی بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی کۆیە دەڵێت، قەرەبووکردنەوەى هاوڵاتییان پەیوەندی بەوانەوە نییە و دەبێت لایەنى پەیوەندیدار ئەوە بگرێتە ئەستۆ.
لە سەرەتای وەرزی بەهاردام بەهۆی سەرڕێژبوونی ئاستی ئاوی بەنداوی دووکانەوە، ئاستی ئاوی زێی بچوک نزیکەی سێ مەتر بەرزبووەوە، بەو هۆیەشەوە پرۆژە گەشتیارییەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکان و حەوزەکانی ماسی کە نزیکی ئاوی زێیەکەبوون زیانیان بەرکەوت.