سەردێڕ:

شەش ساڵە پرۆژەی ڕێکخستنەوەی شەقامی ناو بازاڕى ڕانیە تەواونەکراوە

فۆتۆ: 
2019-06-08

1845 جار خوێندراوەتەوە

شەقامی ناو بازاڕی ڕانیە کە ماوەی شەش ساڵە دەستکراوە بە جێبەجێکردنی، بەڵام تا ئێستا تەواونەکراوە.


شەقامی ناو بازاڕی ڕانیە کە ماوەی شەش ساڵە دەستکراوە بە جێبەجێکردنی، بەڵام تا ئێستا تەواونەکراوە.

خەرجنەکردنی پارە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە و قەرەبوونەکردنەوەی خاوەنی ئەو موڵکانەی کە بەر شەقامەکە دەکەون، هۆکاری تەواونەکردنی شەقامەکەن.

دلێر، نۆ دووکانی بەر شەقامەکە کەوتووە و بەو هۆیەشەوە لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٥٠ ملیۆن دینار زیانی لێ کەوتووە، چونکە لەو ماوەیەدا دووکانەکانی نەدراون بە کرێ.

٣٢ دوکان بەر پرۆژەکە کەوتوون و قەرەبوو نەکراونەتەوە، هاوکات تەواونەکردنی پرۆژەکە بووەتە هۆی دروستکردنی قەرەباڵغی لە بازاڕەکەدا و، لە چەند شوێنێکیشدا ئاستەنگی هاتوچۆی دروستکردووە، بەشێک لە شۆفێرانیش حکومەت بە کەمتەرخەم دادەنێن لە جێبەجێکردنی پرۆژەکەدا.

تێچووی پرۆژەکە نزیکەی سێ ملیۆن دۆلارە و لە ماوەی ڕابردووشدا بەشێک لە پارەی جێبەجێکردنەکەی لەلایەن حکومەتەوە بۆ بابەتی دیکە خەرجکراوە، شارەوانیی ڕانیەش لایەنە پەیوەندیدارەکانی لە کێشەکانی دواکەوتنی پرۆژەکە ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام تا ئێستا وەڵام نەدراونەتەوە.

سەردار ئەحمەد سەرۆکی شارەوانیی ڕانیە دەڵێت، داوایان لە حکومەت کردووە ئەو بڕە پارەیە بدرێت بە بەڵێندەر بۆئەوەى ئەو کارانەى ماونەتەوە تەواوی بکەن.

درێژیی شەقامەکە تەنها هەزار و ٢٠٠ مەترە و بەهۆی هەڵکەوتەی شوێنەکەیەوە زۆرینەی بازاڕی قەزای ڕانیەی دەکەوێتە سەر، تەواونەبوونی پرۆژەکەش لە چەند ساڵی ڕابردوودا ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی لێ کەوتووەتەوە.

ئ.ر