یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم، ئەو یاسایەی ماوەى ١٤ ساڵە خاڵی ناکۆکیی نێوان لایەنەکان بووە و تا ئێستا حەوت جار هەموارکراوەتەوە.
یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم، ئەو یاسایەی ماوەى ١٤ ساڵە خاڵی ناکۆکیی نێوان لایەنەکان بووە و تا ئێستا حەوت جار هەموارکراوەتەوە.
چواردە ساڵ پێش ئێستا و لە دوای یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەکەی حکومەتی هەرێم، پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی ٨ی حوزەیران یاسایەکی پەسەندکرد کە زۆربەی چاودێران بە سەرچاوەی سەرەکیی قەیران و کێشە سیاسییەکانی هەرێمی دەزانن، کە تا ئێستاش لێکەوتەکانی بەردەوامن، بەو پێیەی بەهۆی ئەو یاسایەوە چەندین گرژی و ناکۆکیی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا دروستبوون و، بەهۆیانەوە دامەزراوەی پەرلەمانی کوردستانیش پەکخرا.
یاسای ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٠٥ی سەرۆکایەتیی هەرێم، لە دوای پەسەندکردنی و پاش چەند مانگێک لە هەڵبژاردنی بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە بەپێی یاساکە دەسەڵاتێکی زۆر بە بارزانی درا و کرایە سەرۆکی دەسەڵاتی باڵای ڕاپەڕاندن لە هەرێمی کوردستاندا، کە بە بڕوای بەشێک لە شارەزایان، دامەزراوەکە هیچ پێویست نەبوو، بەڵکو یاساکە و پۆستەکەش بە بەری بارزانیدا بڕدرابوو لە بەرامبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لەلایەن تاڵەبانییەوە وەک نەوشیروان مستەفا لە یاداشتەکانیدا ئاماژەی پێ داوە.
لەم چواردە ساڵەدا یاساکە ٧ جار هەموارکراوەتەوە، ئەمەش وا لێکدراوەتەوە کە بووەتە سەرچاوەی کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکانی هەرێم.
ساڵێک دوای پەسەندکردنی یاساکە هەمواری یەکەمی کرایەوە و تێیدا چەند مادەیەک هەموارکرا، بە جۆرێک سەرۆکی هەرێم ، سەرۆک و جێگری سەرۆکی کابینەکە، بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕاسپێردێت.
ساڵی ٢٠٠٩ دووەم هەمواری یاساکە کرا و چەند دەسەڵاتێکی یاسایی و تایبەت بە هەڵبژاردن دران بە سەرۆکی هەرێم.
ساڵی ٢٠١٣ بەپێی ڕێککەوتنێکی یەکێتی و پارتی یاساکە هەموارکرایەوە بۆ سێیەم جار و، دوو ساڵ ویلایەتی بارزانی درێژکرایەوە، لەکاتێکدا یاساکە ڕێگای بە درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆک نەدابوو، کە ئەوکات بارگرژی و شەڕێکی توندی میدیایی لە نێوان بزوتنەوەی گۆڕان وەک ئۆپۆزسیۆنی ئەوکاتە و یەکێتی و پارتیدا دروستبوو.
ساڵی ٢٠١٤ یاساکە بۆ چوارەم جار هەموارکرایەوە کە سەرۆکی هەرێم تەنها سەرۆکی کابینەکەی بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕادەسپارد ئەمەش ناکۆکی و نیگەرانیی یەکێتی لەلایەک و گۆڕان و پارتی لێکەوتەوە، بەو پێیەی یەکێتی جێگری سەرۆکی حکومەتی بەردەکەوت، کە ساڵێک دواتر بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان لەسەر یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم، کە گۆڕان و یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتوو داوایاندەکرد، پەرلەمان دەستى بە هەمواری یاساکە کردەوە بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم، سەرئەنجام پارتی ڕێگری کرد لە گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمان بۆ هەولێر و نزیکەی دوو ساڵ پەرلەمانی کوردستان بەم هۆیەوە پەکخرا.
ساڵی ٢٠١٧ جارێکی تر دەست بۆ یاساکە برایەوە و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم بەسەر ئەنجومەنی دادوەری و ئەنجومەنی وەزیراندا دابەشكرا، ئەوەش دوای ئەوەی هەڵبژاردن بۆ سەرۆکی هەرێم نەکرا.
ساڵى ٢٠١٨ش یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان پەسەندکرا، ئەوەش دیسان بەهۆی بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمەوە.
دوایین هەمواریش مانگی ڕابردوو بوو، کە بۆ حەوتەمین جار دەست بۆ یاساکە برایەوە و دەزگای سەرۆکایەتیی هەرێم کاراکرایەوە، ئەوەش بە دەنگی فراکسیۆنەکانی پارتی و گۆڕان، ئەمەش دیسان گرفتی دروستکردەوە و یەکێتی دەنگی بە یاساکە نەدا، بە پاساوی جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنەکەیان لەلایەن پارتییەوە.
ئ.ر