سەردێڕ:

بۆچى بازاڕ و مۆڵەکان لە هەرێم بە ئاسانى گڕ دەگرن؟

زیادبوونى ڕووداوەکانى ئاگرکەوتنەوە
فۆتۆ: 
2019-06-06

3143 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما ڕووداوەکانى ئاگرکەوتنەوە لە بەشێک لە بازاڕ و مۆڵ و شوێنە گشتییەکاندا زیاتر دەبن، لەگەڵ کەوتنەوەى ئاگرەکەشدا بە خێرایی تەشەنە دەکات و بە جارێک چەندین دوکان و شوێنى بازرگانى دەسوتێن و زیانى ملیۆنان دینار لە دواى خۆی بەجێدەهێڵێت.


لەگەڵ بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما ڕووداوەکانى ئاگرکەوتنەوە لە بەشێک لە بازاڕ و مۆڵ و شوێنە گشتییەکاندا زیاتر دەبن، لەگەڵ کەوتنەوەى ئاگرەکەشدا بە خێرایی تەشەنە دەکات و بە جارێک چەندین دوکان و شوێنى بازرگانى دەسوتێن و زیانى ملیۆنان دینار لە دواى خۆی بەجێدەهێڵێت.

ئەوەى کارمەندان و بەرپرسانى بەرگریی شارستانى تا ئێستا بۆیان دەرکەوتووە ئەوەیە، بەشێک لە هۆکارى ئاگرکەوتنەوەکان هەڵە بەکارهێنانى ئامێرە کارەباییەکان و کۆنیی بازاڕەکانیش بۆ هۆکارێکى دیکە دەگەڕێننەوە، چونکە بە وتەى ئەوان لەو جۆرە بازاڕانەدا ڕەچاوی سەلامەتى نەکراوە.

بە وتەى شارەزایان بەشێکى دیکەى ئاگرکەوتنەوەکان بەهۆی دابەشکردنی هەڕەمەکییانەی تۆڕەکانی کارەباوەیە، هەروەها هۆکارێکى دیکەش بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە لە ساتى دانانى وایەرو کەرەستە کارەباییەکاندا رەچاوى کوالێتى ناکرێت و بەشێک لە ئامێرە کارەباییەکان ساختەن.

ئەم هۆکارانە وایکردوە لە ساڵی ڕابردوەوە تائێستا زنجیرەى ئاگرکەوتنەوەکان درێژبێتەوە، ساڵى ڕابردو لە بازاڕى لەنگەى هەولێر ئاگر کەوتەوەو هەزار و ٢٠٠ دوکان سوتان، هەر بەهۆى ئاگرکەوتنەشەوە چەند دوکانێکی شەقامی ١٠٠ مەتری هەولێر سوتان.

لە کەرکوکیش ئاگر لە قەیسەرى دێرینى شارەکە کەوتەوەو تەواوى بازاڕەکە سوتا، لە سلێمانیش ئاگر لە بازاڕى عەلوەکە کەوتەوەو چەندین دوکان سوتان.

لە مساڵیشدا و لە ڕۆژى چوارى ئەم مانگەدا لە هەولێر لە شوقەکانی ئیسکان ئاگرکەوتەوە و بەهۆیەوە چەند ئۆتۆمبیلێک سوتان، هەروەها لە ڕانیەش ئاگر لە بازاڕی کۆنەفرۆشان کەوتەوە و بەهۆیەوە چەند دوکانێک سوتان، هەروەها لە شارەزوریش ئاگر لە بازاڕى میوەفرۆشان کەوتەوەو زۆرینەى دوکانەکانی سوتان.

بەردەوامیش دواى رووداوەکان حکومەت لیژنەی بۆ قەرەبووکردنەوەى زیان لێکەوتووان پێکهێناوە، بەڵام بە وتەى بەشێک لە دوکاندارەکان تاێئستا هیچ قەرەبوویەک نەکراونەتەوە و لەسەر گیرفانى خۆیان دوکانەکانیان نۆژەنکردوەتەوە.

پێشتریش ئێن ئاڕ تی لە چەند ڕاپۆرتێکدا مەترسى ئەوەى خستبووەڕوو کە بەشێک لە مۆڵ و دوکان و کەپرەکانی بازاڕەکانى هەرێم مەرجەکانى سەلامەتى و چۆنیەتى دابەشکردنى کارەبایان بەشێوەیەکى باش تێدا ڕەچاونەکراوە، ئەوەش هۆکار بوون بۆ کەوتنەوەى بەشێک لە ڕوودوەکانى ئاگرکەوتنەوە.

ئەو ڕووداوانەش دواى ئەوە دێن، کە بەردەوام بەرپرسانى بەرگری شارستانى جەخت لەوە دەکەنەوە ئەوان پێشتر چەندین شوێنیان لە مەترسی ئاگرکەوتنەوە ئاگادارکردوەتەوە، بەڵام هاوڵاتیان و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش بەدەم ئاگادارکردنەوەکەى ئەوانەوە نەچووە، دەشڵێن هەندێکجار بەهۆی کەمتەرخەمی هاوڵاتیان و نەبوونى هۆشیارى پێویست و پابەند نەبونیان بە ڕێنماییەکانەوە ڕووداوەکانى ئاگر ڕوودەدەن.

ئ.ر