بەردەوامى ناکۆکییەکانى پارتی و یەکێتى هیندەى دیکە پرسی پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەتی بە نادیارى هێشتووەتەوە و هەرجارە و بابەتێک دەکەنە بیانوى ڕێکنەکەوتنیان، سەرجەم ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن ئەم کابینەیە لەبەردەم شکاندنى ڕیکۆردێکى نوێدایە و بەمزوانە ناکەوێتە سەرپێى خۆى.
بەردەوامى ناکۆکییەکانى پارتی و یەکێتى هیندەى دیکە پرسی پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەتی بە نادیارى هێشتووەتەوە و هەرجارە و بابەتێک دەکەنە بیانوى ڕێکنەکەوتنیان، سەرجەم ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن ئەم کابینەیە لەبەردەم شکاندنى ڕیکۆردێکى نوێدایە و بەمزوانە ناکەوێتە سەرپێى خۆى.
هەرێمى کوردستان ئەزمونێکى دووردرێژى هەیە لەگەڵ دواکەوتنى پێکهێنانى حکومەتەکانیدا، زۆربەى کابینەکان لە وادەى یاسایى خۆیاندا پێکنەهێنراون و چەند مانگێک بەسەر هەڵبژاردنى پەرلەمان تێپەڕیوە و لایەنەکان نەیانتوانیوە گرێ کوێرەکانى نێوانیان بکەنەوە.
هەڵبژاردنى خولى چوارەم لە ٢١ى ئەیلولى ساڵى ٢٠١٣ ئەنجامدرا، بەڵام کابینەى حکومەت نزیکەى نۆ مانگ دواکەوت و لە ١٨ى حوزەیرانى ساڵى ٢٠١٤ پێکهات.
هەڵبژاردنى خولی پێنجەمیش لە ٣٠ی ئەیلولی ٢٠١٨ بەڕێوەچوو، لە ئێستاشدا نزیکەى ٢٥٠ ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنەکەدا تێپەڕیوە، هەرچەندە پارتى دەڵێت، چاوەڕوانى یەکێتى ناکات و لەو ماوە یاساییەى بۆ سەرۆک وەزیرانى داهاتووى دیاریدەکرێت حکومەت پێکدەهێنرێت، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئەم کابینەیەش ڕیکۆردى کابینەى هەشتەم دەشکێنێت، چونکە ئەگەر لە دواى جەژن کاندیدى سەرۆکى حکومەت ڕابسپێرێت و لەماوەى ٣٠ ڕۆژیشدا کابینەکەى پێکبهێنێت ئەوا ٩ مانگ زیاتر تێپەڕدەبێت بەسەر هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.
دواکەوتنى لە دایکبوونى کابینەى نوێ، دواى ئەوە دێت لە ماوەى ڕابردوودا پارتى لەگەڵ گۆڕان ڕێککەوتننامەیەک و لەگەڵ یەکێتیش دوو ڕێککەوتنى واژۆکردووە، هاوکات چەندین جار بەرپرسانى ئەو دوو حزبە هەواڵی پێکهێنانى حکومەتیان وەک مژدەیەک بە گوێی هاوڵاتیاندا داوە.
دواکەوتنى پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەت کاریگەرى گەورەى کردووەتە سەر ژیانى هاوڵاتییان بەجۆرێک کە جوڵەى بازاڕ و بازرگانى سست کردووە، هاوکات هۆکاریش بووە بۆ خراپتربوونى دۆخی دارایی خەڵک و نانەوەى چەندین کێشەى کۆمەڵایەتى.
لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا کابینەى هەشتەم وەک کابینەیەکی کاربەڕێکەر کارەکانى بەڕێوەدەبات، بەوەش ناتوانێت بە تەواوەتى بە ئەرکى خۆى هەستێت و چەند مانگێکیش دەبێت ئەنجومەنى وەزیرانى کۆنەبووەتەوە و وەزیرەکان و سەرۆکى ئەنجومەن لە بۆنەکاندا یەکتر دەبینن.
ئ.ر