سەردێڕ:

بۆ هەڵبژاردن و سوێندخواردنی وەک سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی ناچێتە پەرلەمان

پەرلەمانتاران بێئاگایی خۆیان له‌و باره‌یه‌وه‌ دەردەبڕن
فۆتۆ: 
2019-06-02

17013 جار خوێندراوەتەوە

بۆ هەڵبژاردن و سوێندخواردنی وەک سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی ناچێتە بینای پەرلەمان و پڕۆسەى سوێندخواردنەکەى دەبرێتە هۆڵێک لەدەرەوەى پەرلەمان.


بۆ هەڵبژاردن و سوێندخواردنی وەک سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی ناچێتە بینای پەرلەمان و پڕۆسەى سوێندخواردنەکەى دەبرێتە هۆڵێک لەدەرەوەى پەرلەمان.

لەنێوان سیستمی پەرلەمانی و سیستمی سەرۆکایەتیدا، دواجار هەرێمی کوردستان کەوتەوە ژێر هەیمەنەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم، لەکاتێکدا ماوەی شەش ساڵە بەهۆی ناکۆکی لەسەر دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم، نێوماڵی کورد تێکچووە.

تەواوکردنی دوو خوولی تەواوی سەرۆکایەتی لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتییەوە و درێژکردنەوەی ماوەی دەسەڵاتەکانی بۆ چوار ساڵی دیکە بە دووجار، ناکۆکی لایەنەکانی گەیاندە لوتکە و تا دواجار دەرگای پەرلەمانیش بەهۆی دەستبردن بۆ دەسەڵاتەکانی سەرۆک، بۆماوەی دوو ساڵ داخرا و هەرێمی کوردستان کەوتە بۆشایی یاسایی و ناوچەکە بە قەیرانێکی سیاسیی قوڵ و ناجێگیردا تێپەڕی.

لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا لایەنەکان ڕازی بوون کە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم تا ئەوکاتەی دەستوور دەسەڵاتەکانی یەکلادەکاتەوە، لە پەرلەمان هەمواربکەنەوە، بەڵام جگە لەوەی کە ئێستا سەرۆک لەبەردەم پەرلەمان بەرپرسیار دەبێت، هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە دەسەڵاتەکانیدا نەکراوە و لایەنە ناڕازییەکانیش دەڵێن، بەتەنها هەڵبژاردنی سەرۆک لە پەرلەمانەوە سیستمەکە نابێتە پەرلەمانی، هەربۆیە لە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لە ٢٨ی ئایاری ئەمساڵ دەنگیان نەداو ئەم هەنگاوەیان بە چه‌واشه‌كارییه‌كی گه‌وره‌ وەسفکرد.

کاندیدکردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم لەلایەن حزبەکەیەوە، دوای بەدەستهێنانی ڕەزامەندی یەکێتی و گۆڕان بوو بۆ دەنگدانیان بە ناوبراو لە پەرلەمانەوە، بەڵام نە یەکێتی دەنگی پێداو نە نێچیرڤان بارزانیش ئامادەی کۆبوونەوەکەی پەرلەمان بوو.

دروستنەبوونی کۆدەنگی پەرلەمان لەسەر هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم و مانەوەی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان بە بەتاڵیی، وای لە پارتی و نێچیرڤان بارزانیش کرد بۆ مەراسیمی سوێند خواردنەکەی، کۆبوونەوەکە قەرەباڵغتر و گەرمتر بکەن، بەڵام ئەمجارە لە دەرەوەی پەرلەمان و لە هۆڵێکی حزبیدا.

پەرلەمانتاران بێئاگایی خۆیان لە بڕیاری بردنە دەرەوەی کۆبوونەوەکەی ١٠ی حوزەیرانی پەرلەمان دەردەبڕن، کە تایبەتە بە سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێم و لەوبارەیەوە دەڵێن، پەرلەمان دەتوانێت لەسەر داوای سەرۆکی پەرلەمان یان دەستەی سەرۆکایەتی یاخود ١٠ ئەندامی پەرلەمان، بەڵام بە ڕەزامەندیی کۆی پەرلەمانتاران، لەھۆڵی پەرلەمان یان ھەر شوێنێکی دیکە کۆببێتەوە.