مەحمود سەنگاوى بەرپرسى میحوەرى گەرمەسێرى پێشمەرگە ڕایگەیان، حەشدی شەعبی لەپشت کوشتنی جوتیارە کوردەکانەوەیە و گەنمەکانیان دەسوتێنن.
مەحمود سەنگاوى بەرپرسى میحوەرى گەرمەسێرى پێشمەرگە ڕایگەیان، حەشدی شەعبی لەپشت کوشتنی جوتیارە کوردەکانەوەیە و گەنمەکانیان دەسوتێنن.
لەدواى توندوتیژییەکانى دوو هەفتەى ڕابردووەوە لە خانەقین چەند ڕۆژێکە ئارامى گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەکە، هێزە ئەمنییەکان ڕۆژانە لە دەورووبەرى گوندەکان جێگیردەبن، فڕۆکەى جەنگى و هێلیکۆپتەریش لە ئاسمانەوە چاودێریى ناوچە کوردییەکانى باشوور و ڕۆژئاواى خانەقین دەکەن، کە بوونەتە ئامانجى هێرشى گروپە چەکدارەکان، بەڵام هێشتا گوندنشینە کوردەکان لە پاراستنى ژیان و سەروماڵیان دڵنیا نین.
جوتیارێک دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان لەکاتى پێویستدا لێرە نین، کاتێکیش پەنایان بۆ دەبرێت بە بیانووى ئەوەى فەرمانیان پێ نییە لەبەردەم توندوتیژیى گروپە چەکدارەکاندا دەستەوەستانن و، تەنها وەک بینەرێکى دیمەنى قوربانیدانى گوندنشینەکان هەڵسوکەوت دەکەن.
ئەگەرچى داعش بەرپرسیارێتى خۆى لە ڕووداوەکانى دوو هەفتەى ڕابردووى خانەقین ڕاگەیاند، بەڵام مەحمود سەنگاوى بەرپرسى میحوەرى گەرمەسێرى پێشمەرگە دەڵێت، ئەوەى کوردە گوندنشینەکان دەکوژێت و ئاگر لە کشتوکاڵیان بەردەدات چەکدارانى حەشدى شەعبین نەک داعش، بۆ سەلماندنى ئەو تۆمەتەش دەڵێت، بەڵگەیان هەیە، داعشەکان بە گروپى چەکداریی عەسائیبى ئەهلى حەق تەسلیم بوونەتەوە و بە ڕۆژ عەسائیبن و بە شەو بە ئاڵاى داعشەوە خەڵک دەکوژن و دەڵێن، "گەنمى مورتەدەکانمان سوتاند."
توندوتیژییەکان لە دواى ١٦ى ئۆکتۆبەرى ٢٠١٧وە زیاتربوون، بە تایبەت کە هێزى ئەمنى و سەربازیی کورد لەو سنوورە ناچار بە کشانەوە کران، لە ئێستادا پێکهێنانى هێزێکى هاوبەش لە پێشمەرگە و سوپا و پۆلیس بۆ ناوچەکە بە چارەسەر دەزانرێت.
حاجى مەهدى ئەندامى پەرلەمانى عێراقيش دەڵێت، پێویستە هێزێکى پۆلیس لە خەڵکى شارەکە لە کورد و عەرەب و تورکمان دروستبکرێـت، دەرەوەى شارەکەش بە پێشمەرگە و پۆلیس و سوپا و حەشد بسپێردرێت، ئاسایشى ناو شاریش لە ئەستۆى پۆلیسی ناوخۆ بێت.
لە ماوەى دوو ساڵى ڕابردوودا کە پێشمەرگە لە سنوورى خانەقیندا نەماوە، بە وتەى بەرپرسى میحوەرى گەرمەسێرى پێشمەرگە، ٧٨ کەس تیرۆرکراون و ٤٢ کەس برینداربوون، ٣١ گوندیش چۆڵکراوە، ئەوەش تەنها بەرامبەر بە کوردەکانى سنوورى خانەقین کراوە.
ئ.ر