ماوەى سێ ڕۆژە پزیشکانی نەخۆشخانە ئەهلی و حکومییەکان بەهۆى دەستگیرکردنى دوو پزیشکى قەزاکە مانیان گرتووە ئەوەش نیگەرانى هاوڵاتییانى لێکەوتووەتەوە.
ماوەى سێ ڕۆژە پزیشکانی نەخۆشخانە ئەهلی و حکومییەکان بەهۆى دەستگیرکردنى دوو پزیشکى قەزاکە مانیان گرتووە ئەوەش نیگەرانى هاوڵاتییانى لێکەوتووەتەوە.
سوارە هاووڵاتییەکى دانیشتووى کەلارە و هاوسەرەکەى پێویستى بە نەشتەرگەرییە بۆ منداڵ بوون، سێ ڕۆژ پێش ئێستا لە نەخۆشخانەیەکى ئەهلى کاتى نەشتەرگەری بۆ دیاریکرابوو، بەڵام پزیشکانى کەلار لە تەواوى نەخۆشخانە ئەهلى و حکومییەکاندا مانیان گرتووە، هاوڵاتییەکە کەوتووەتە دۆخێکى نا ئارامەوە، پاش پەیوەندى کردنى بە بەرپرسانى ئیدارەى گەرمیان و هەوڵێکى زۆرەوە، توانرا پزیشکێک ڕازى بکرێت نەشتەرگەریی بۆ هاوسەرەکەى بکات.
لە ماوەى ئەو سێ ڕۆژەدا تەواوى پزیشکانى سنوورى قەزاى کەلار مانیان گرتووە و لە هیچ نەخۆشخانە ئەهلى و حکومیەکان و کلینیکە تایبەتەکانى خۆشیاندا کارناکەن، ئەمەش دواى ئەوەى کە هەفتەى ڕابردوو نەخۆشێک لە کاتى نەشتەرگەریدا لە نەخۆشخانەیەکى تایبەتى کەلار گیانى لەدەستدا و بەهۆیەوە دوو پزیشک دەستگیرکران، مانگرتنى پزیشکانى کەلار دانشتوانى شارەکەى نیگەران کردووە و دژ بەو هەڵوێستەیان گربوونەوەیەکى ناڕەزایەتییان ڕێکخست.
لە بەرامبەریشدا پزیشکانى قەزاى کەلار دواى کۆبوونەوەیان بەیاننامەیەکیان لەسەر هۆکارى مانگرتنەکەیان دەرکرد و ڕایانگەیاند، ئەو کارەیان بۆ پاراستنى گیانى خۆیان و هاوڵاتیانیشە، چونکە ناکرێت هەرکەسێک لە کاتى نەشتەرگەریدا تووشى ڕووداوێک بێت پێش دیاریکردنى هۆکارەکەى و سەلماندنى بێتاوانى یان تاوانباربوونى پزیشک، ڕاپێچی زیندان بکرێت.
لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا ژمارەیەک نەخۆش و بریندارى هاتوچۆ گەیەنرانە نەخۆشخانەکانى کەلار، بەڵام بەهۆى مانگرتنەوە پزیشک نەیبینین و ڕەوانەى نەخۆشخانەکانى دەروەى کەلار کران، ئەوەش بووەتە هۆى بێزارى و تووڕەیی دانیشتوانى سنوورەکە.
ئ.ر