سەردێڕ:

کاردانەوەکانى دەستگیرکردنى سەرۆک و خۆبەخشانى نەوەى نوێ بەردەوامە

فۆتۆ: 
2019-05-23

2476 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ زیادبوونى ڕۆژەکانى مانەوەیان لە زیندان، کاردانەوەکانى دەستگیرکردنى خۆبەخشان و سەرۆکی جوڵانەوەى نەوەى نوێش زیاتر دەبن و چالاکوان و یاساناسان و هاوڵاتییان بەشێوەى جۆراوجۆر لە ڕێگەى ئەکاونتەکانیانەوە بۆچوونى خۆیان لەمبارەیەوە دەخەنەڕوو.


لەگەڵ زیادبوونى ڕۆژەکانى مانەوەیان لە زیندان، کاردانەوەکانى دەستگیرکردنى خۆبەخشان و سەرۆکی جوڵانەوەى نەوەى نوێش زیاتر دەبن و چالاکوان و یاساناسان و هاوڵاتییان بەشێوەى جۆراوجۆر لە ڕێگەى ئەکاونتەکانیانەوە بۆچوونى خۆیان لەمبارەیەوە دەخەنەڕوو.

کەمال سەید قادر چالاکى سیاسى دەڵێت، "مانگرتن له‌ خواردن قورسترین چه‌کی ده‌ست مرۆڤی ئازایه‌ له‌ زیندان، هاوکات تاکە به‌رهه‌ڵستکاری مه‌ده‌نییانه‌یه‌ مرۆڤی به‌ ناحه‌ق زیندانیکراو بتوانێت بیگرێتەبه‌ر دژ به‌ سته‌مکار"، دەشڵێت، "لە ئازایه‌تی و له‌ خۆبورده‌ییدا شاسوار عەبدولواحید دەچێتە رێزى گاندییەوە."

هەروەها بزوتنەوەى نوێبوونى کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنى شاسوار عەبدولواحید شەرمەزار دەکات و دەڵێت، "هیچ بیانوویەک نیە بۆ دەستگیرکردنی سەرۆکی جۆڵانەوەی نەوەی نوێ، لەکاتێکدا سەدان دۆسیەی ترسناک لەم هەرێمە هەیە کە پێویستە دادگا بیجوڵێنێت."

پێشیوایە، دادگا بووەتە بەرگریکاری گەندەڵکاران و بەم کردەوانەشی دادگا لەم وڵاتە هیچ مانایەکی بۆ دەسەڵاتی دادوەری نەهێشتووتەوە.

هاوکات پارێزەر ڕەمەزان ئەرتیسى، بە ئێن ئاڕتى ڕاگەیاند، "پێویستە داداگا و یاساکان بەبێ جیاوازى بەسەر هەموو چین و توێژەکاندا جێبەجێ بکرێت، بەڵام لە ئێستادا ئاستى دادگاکان وەک پێویست نییە و یاساش سەروەر نییە و بووەتە مەترسى لەسەر یەکسانى و دادپەروەرى، لەکاتێکدا بە دەیان تۆمەتبار هەن کە تاوانى گەورەیان ئەنجامداوە، بەڵام نەتوانراوە دەستگیر بکرێن."

لەبارەى ڕۆڵى داگاکانى هەرێم لە چەسپاندنى یاسادا، دڵشاد میرانى چالاکوانى مەدەنیش دەڵێت، لە بۆشایی یاسادا ئەوتۆمەتبارانەى کە هاوڵاتییان تیرۆر دەکەن بەئازادى دەسوڕێنەوە و پێشیوایە دادگاکانى هەرێم پێچەوانەى کارى خۆیان بڕیاردەدەن بەجۆرێک زوڵملێکراو لەبرى تاوانبار سزادەدرێت.

هەر لە چوارچێوەى کاردانەوەکاندا ڕۆژنامەنووس ئەسعەد جەبارى نووسیویەتى "تائێستا سەرۆکى هیچ حزبێک بە درێژایی ٢٨ ساڵ لەهەرێم سزا نەدراوە بەوەى زیندانى بکرێت."

مامۆستایەکیش دەپرسێت، "بۆچى لە ئێستادا شاسوار عەبدولواحید تەنهایە؟ لەکاتێکدا تاوەکو ئێستا قسەیەک و کارێکی نەکردووە، بچێتە بەرژەوەندی یەکێتی و پارتییەوە، هاوکات ڕەخنە لە ڕێکخراوە مەدەنییەکانیش دەگرێت کە تاکو ئێستا لەبەرامبەر دەستگیرکردنى بێدەنگن."

ئ.ر