سەردێڕ:

١٩ی ئایاری ١٩٩٢ یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمان کرا

فۆتۆ: 
2019-05-19

7070 جار خوێندراوەتەوە

دواى ڕاپەڕینى بەهاری ١٩٩١ و بێ ئەنجامى دانوستانەکانى بەرەى کوردستانى لەگەڵ ڕژێمی بەعس، حکومەتی ئەو کاتەی عێراق بڕیاریدا لە ٢٦ ئۆكتۆبەرى ئەو ساڵەدا، یەكەی سەربازى و دامەزراوە ئیدارییەكانى بە تەواوى لە هەرێمدا بکشێنێتەوە.


دواى ڕاپەڕینى بەهاری ١٩٩١ و بێ ئەنجامى دانوستانەکانى بەرەى کوردستانى لەگەڵ ڕژێمی بەعس، حکومەتی ئەو کاتەی عێراق بڕیاریدا لە ٢٦ ئۆكتۆبەرى ئەو ساڵەدا، یەكەی سەربازى و دامەزراوە ئیدارییەكانى بە تەواوى لە هەرێمدا بکشێنێتەوە.

لەو سەردەمەدا هەرێمى کوردستان لەڕووى کارگێڕییەوە حکومەتى نەبوو، بەرەی کوردستانی، کە هاوپەیمانییەک بوو لە حەوت حزب پێکهاتبوو، لەلایەن جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانییەوە بە هاوبەشی سەرکردایەتی دەکرا، بڕیاریدا هەڵبژاردنى گشتیى بکات، بە ئامانجی دروستکردنى حکومەت.

بەرەی کوردستانی لیژنەیەکی ١٥ کەسی ڕاسپارد بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ڕابەری بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان، ڕۆژی ٢٨ی نیسانی ساڵی ١٩٩٢ ڕاپۆرتی لیژنەکە پەسەندکرا بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن.

لە ڕۆژی ١٩ ئایاری ١٩٩٢دا یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، لایەنە سیاسییەکان بە حەوت لیست بەشداریان لەو هەڵبژاردنەدا کرد، دیارترین لیستەکان، لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، لیستی هاوبەشی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و لیستی لایەنە ئیسلامییەکان بوون.

بەپێى یاساش هەڵبژاردنەكە بە سیستمى نوێنەرایەتیى ڕێژەیى و بەلیستى داخراو بەڕێوەچوو، پێویستیش بوو هەر لیستێك ڕێژەى ٧%ی دەنگەكان بەدەستبهێنێت بۆئەوەى بتوانێت بچێتە پەرلەمان.

لەو هەڵبژاردنەدا زیاتر لە ٩٧٢ هەزار کەس دەنگیاندا،  بەربەستەکەش بووە هۆى ئەوەى تەنها پارتى و لیستى هاوبەشى یەكێتی و زەحمەتكێشان بچنە پەرلەمان، ئیسلامییەکانیش بە ٤٩ هەزار دەنگەوە نەیانتوانی بچنە پەرلەمان.

لە هەڵبژاردنەکەدا پارتی زیاتر لە ٤٥%ی دەنگەکان و یەکێتیش زیاتر ٤٣%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، بەڵام دواتر هەردوو حزب بەشێوەی ٥٠ بە ٥٠ کورسیەکانی پەرلەمانیان لەنێوان خۆیاندا دابەشکرد.

لە خولی یەکەمدا، پەرلەمانی کوردستان لە ١٠٥ کورسی پێکهاتبوو، کە پێنج کورسی کۆتا بۆ مەسیحییەکان تەرخانکرابوو، بەناوى لیستى مۆرەوە.

بۆ هەڵبژاردنی ڕابەری بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانیش هەر یەکە لە مەسعود بارزانی، جەلال تاڵەبانی، عوسمان عەبدولعەزیز و مەحمود عوسمان کێبڕکێیان کرد، بەڵام نەتوانرا بەو هەڵبژاردنە ڕابەر دیاریبکرێت.

یەكەم دانیشتنى پەرلەمان لە چوارى حوزەیرانى ١٩٩٢ دا بەڕێوەچوو بە سەرۆکایەتى جەوهەر نامیق سالم، کە لە پشکى پارتى بوو، دواى تەنها ٤٥ ڕۆژیش پارتى و یەکێتى توانییان یەکەم کابینەى حکومەتى هەرێم بە سەرۆکایەتى فوئاد مەعسووم پێکبهێنن، کەچى دواى ٢٧ ساڵ، لە ئێستادا پاش زیاتر ٢٣٢ ڕۆژ لایەنەکان نەیانتوانییوە کابینەى نۆیەمى حکومەت پێکبهێنن.

هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە ساڵی ١٩٩٤دا بووە هۆی پەکخستنی پەرلەمان، هەرچەندە ٥٩ پەرلەمانتار بۆ ڕاگرتنی شەڕ و ئاسایی بووونەوەی دۆخەکە بۆ ماوەی ١٠١ ڕۆژ مانیان گرد، بەڵام دۆخەکە ئاسایی نەبووەوە و لە ساڵی ١٩٩٦ دا هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمان بەڕێوەنەچوو، بەڵام دوای نزیکەی نۆ ساڵ لە ٣٠ کانونی دووەمی ٢٠٠٥دا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵبژاردنەکە کرا، لە ساڵی ٢٠٠٩شدا ناوى ئەنجومەنى نیشتیمانى کوردستان کرا بە پەرلەمانى کوردستان – عێراق.

لە ٢٧ ساڵی ڕابردوودا، پێنج جار هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان کراوە کە لە ساڵەکانی ١٩٩٢، ٢٠٠٥، ٢٠٠٩ و ٢٠١٣ و ٢٠١٨ دا بوون، لەکاتێکدا بەپێى یاسا دەبوو لەو ماوەیەدا حەوت جارهەڵبژاردن بکرایە.

ئ.ر