سەردێڕ:

دوو ساڵ بەسەر کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا تێپەڕی

فۆتۆ: 
2019-05-19

2624 جار خوێندراوەتەوە

​بەرەبەیانى ڕۆژى ١٩ى ئایاری ساڵی ٢٠١٧ ڕۆژێکى ئاسایی نەبوو بۆ هاوڵاتیانى هەرێم، چونکە لەو ڕۆژەدا هەواڵی مەرگی سیاسەتمەدار و نوسەر و ڕۆژنامەنووس نەوشیروان مستەفا ئەمین ڕاگەیەندرا.


بەرەبەیانى ڕۆژى ١٩ى ئایاری ساڵی ٢٠١٧ ڕۆژێکى ئاسایی نەبوو بۆ هاوڵاتیانى هەرێم، چونکە لەو ڕۆژەدا هەواڵی مەرگی سیاسەتمەدار و نوسەر و ڕۆژنامەنووس نەوشیروان مستەفا ئەمین ڕاگەیەندرا.

بڵاوبوونەوەى هەواڵی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ڕێکخەرى ئەوکاتەى بزوتنەوەى گۆڕان یار و نەیاری ئەو سیاسەتمەدارەى شۆککرد، چونکە تا دواین ساتەکانى ژیانى بەردەوام سەرقاڵی کارى سیاسی بوو، بەڵام لە تەمەنى ٧٣ ساڵیدا بە نەخۆشی لە سلێمانی کۆچی دوایی کرد.

لە ساڵی ١٩٤٤ نەوشیروان مستەفا لە گەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی لە دایکبووە، سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوو دەستی بە کاری سیاسی کردووە و چووەتە ڕیزی یەکێتی قوتابیانی کوردستانەوە و لە ساڵانی ١٩٦٣ و ١٩٦٤ بووەتە ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و لە ساڵی ١٩٦٧شدا بووەتە ئەندامی لقی سلێمانی پارتی دیموکراتی کوردستان.

قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە سلێمانی تەواوکردووە، پاشان لە ساڵی ١٩٦٧ کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی بەغدا تەواوکردووە.

لە ساڵی ١٩٧٢ لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوڕێیانیدا کۆمەڵەى ڕەنجدەرانى کوردستانیان دامەزراند و پاش گەڕانەوەی لە نەمسا و دەستپێکردنەوەی شۆڕشی چەکداری، نەوشیروان مستەفا بووە سکرتێری کۆمەڵە.

دوای تەواوکردنی خوێندنى ماستەر، نەوشیروان مستەفا سەرقاڵی خوێندنی دکتۆرا دەبێت لە بواری یاسا نێودەوڵەتییەکاندا، بەڵام بۆ دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانی واز لە خوێندنەکەی دەهێنێت و لەگەڵ مام جەلال و چەند کەسێکى دیکەدا لە ساڵی ١٩٧٥ یەکێتى نیشتیمانى کوردستان دادەمەزرێنن. لەو کاتەشەوە نەوشیروان مستەفا وەک سەرکردەیەکی دیار دەرکەوت کە لە یەک کاتدا سکرتێری کۆمەڵە و جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی بووە.

زۆرینەی مێژوونووسان و سیاسییەکان، نەوشیروان مستەفا بە ئەندازیاری ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ دادەنێن، کە بەهۆی ڕاپەڕینەکەوە دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس لە هەرێمی کوردستاندا کۆتایی پێهات.

نەوشیروان مستەفا لەناو یەکێتیدا بەردەوام ڕەخنەى لە شێوازی بەڕێوەچوونى کاری حزبی و حکومی هەبووە و داواى چاکسازی و گۆڕانکارى کردووە، بەو هۆیەشەوە باڵی ڕیفۆرمى لەناو یەکێتیدا دروستکرد، بەڵام دوای ئەوەی نەیتوانی ڕیفۆرم لەنێو یەکێتیدا بکات، لە ساڵی ٢٠٠٦ وازی لە کاری حیزبی ھێناو کۆمپانیای وشەی بۆ کاری ڕاگەیاندن دامەزراند، کە لە ڕۆژنامەیەک و تەلەفزیۆنێک و سایتێک پێکهاتبوو.

لە ساڵی ٢٠٠٩شدا بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، نەوشیروان مستەفا لیستی گۆڕانى دروستکرد و لیستەکە ٢٥ کورسی بەدەستهێنا، کە دووەم هێزی سیاسی بوو لەسەر ئاستی هەرێم و بووە ئۆپۆزسیۆن و بەو هۆیەشەوە نەخشەی سیاسی هەرێم گۆڕا، بەردەوامیش لە هەوڵدابوو بۆ چاکسازیکردن و دژایەتیکردنی گەندەڵی.

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٨١ لەگەڵ شوعلە عەلی هاوسەرگیری کردووە و خاوەنى دوو کوڕ و کچێکە بەناوەکانى نما و چیا و چرا.

ئ.ر