سەردێڕ:

بەکارهێنانى دادگا بۆ مەرامی سیاسی لە هەرێم

فۆتۆ: 
2019-05-16

2434 جار خوێندراوەتەوە

لە ڕووداوەکانى شەرى ناوخۆى ساڵانى نەوەدەکانەوە تا ئێستا، بەردەوام ڕەخنەى ئەوە لە پارتی و یەکێتى گیراوە، کە دادگاکانیان بۆ یەکلاییکردنەوەى ململانێ و مەرامی سیاسیی بەکارهێناوە و لەو ڕێگەیەوە فەرمانى دەستگیرکردنیان بۆ نەیارەکانیان دەرکردووە، ئەوەش بەردەوام کاردانەوەى بەدواى خۆیدا هێناوە و دەوترێت ناکرێت حزبێک بۆ ئامانج و بەرژەوەندی خۆی دەسەڵاتى دادوەریى دژى کەس و لایەنى دیکە بەکاربهێنێت.


لە ڕووداوەکانى شەرى ناوخۆى ساڵانى نەوەدەکانەوە تا ئێستا، بەردەوام ڕەخنەى ئەوە لە پارتی و یەکێتى گیراوە، کە دادگاکانیان بۆ یەکلاییکردنەوەى ململانێ و مەرامی سیاسیی بەکارهێناوە و لەو ڕێگەیەوە فەرمانى دەستگیرکردنیان بۆ نەیارەکانیان دەرکردووە، ئەوەش بەردەوام کاردانەوەى بەدواى خۆیدا هێناوە و دەوترێت ناکرێت حزبێک بۆ ئامانج و بەرژەوەندی خۆی دەسەڵاتى دادوەریى دژى کەس و لایەنى دیکە بەکاربهێنێت.

لە ڕابردوو و ئێستاشدا، چەندین نموونە هەن کە دوو حزبە دەسەڵاتدارەکەى هەرێم هەمیشە لە گەرمەى ململانێ سیاسییەکاندا دادگا و دەزگا ئەمنییەکانیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکارهێناوە، تەنانەت زۆرجار پێشێلی یاساشیان لە بەرژەوەندی خۆیان کردووە.

لە گەرمەى شەڕى ناوخۆدا، پارتی لەسەر ڕووداوى تەقینەوەکەى بازاڕى زاخۆ کە چەندین کوژراوی لێکەوتەوە، کەیسێکى بۆ کۆسرەت ڕەسوڵ دروستکرد و لە پەرلەمانى کوردستان بڕیارى لەسێدارەدانى بۆ دەرکرا، دواتریش فەرمانەکە لە دادگاکانى هەولێردا ڕێچکە یاساییەکانى تێپەڕاند.

لە ١٦ى حوزەیرانى ٢٠١٦دا و لە سەروبەندى ململانێکانى گۆڕان و پارتیدا لەسەر هەموارکردنەوەى یاسای سەرۆکایەتى هەرێم، پارتى بەتۆمەتى شێواندنی ئاسایشی وڵات و پیلانگێڕیی، سکاڵایەکى لەسەر نەوشیروان مستەفا ڕێکخەرى پێشووى گۆڕان تۆمارکرد و دواتریش فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دەرچوو.

لە کۆتاییەکانى ٢٠١٧ دا و لە سەروبەندی بەرێوەچوونى خۆپیشاندانى سەرتاسەریى هاوڵاتیانى کوردستان دژ خراپی ژیان و گوزەرانیان، بەتۆمەتى هاندانى خۆپیشاندەران، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەى نەوەى نوێ دەستگیرکرا.

لە سەرەتاى ئازارى ئەمساڵیشدا، لەسەر سکاڵاى کارمەندێکى ئاسایشی فڕۆکەخانە و کارمەندێکى دیکەى کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانى جارێکى دیکە، سەرۆکی جوڵانەوەى نەوەى نوێ دەستگیرکرا.

ڕۆژى ١٦ى ئەم مانگەش بەپێی ماددەى دووى یاسای قەدەغەکردنى خراپ بەکارهێنانى ئامێرەکانى پەیوەندیکردن بۆ جارى سێیەم شاسوار عەبدولواحید دەستگیرکرایەوە، لە کۆى ڕووداوەکانیشدا سەرۆکی جوڵانەوەى نەوەى نوێ خۆی چووەتە بەردەم دادگا و دادوەر و پاشان دەستگیردەکرا.

بورهان ڕەشید پارێزەر دەڵێت، حزبە دەسەڵاتدارەکان دادگاکان بۆ مەرامی سیاسیی و تۆڵەکردنەوەى سیاسیی بەکاردەهێنن.

ڕۆژى ١٠ى ئەم مانگە سەرۆکی جوڵانەوەى نەوەى نوێ دواى بڵاوکردنەوەى ڤیدیۆی دانپێدانانى چەند خۆبەخشێکیان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا وتى، ئەوەى یەکێتى دەیکات بۆ لێدان و لاوازکردنى حزبەکەیانە.

١٢ی ئەم مانگەش دادگای سلێمانی بێ ئاگایی خۆی لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی دانپێدانانی خۆبەخشە دەستگیرکراوەکانی نەوەی نوێ ڕاگەیاند و وتى ئەوە کارێکی نایاساییە، ئەمەش وا شیکردنەوەی بۆ کرا کە سەلماندنی ئەوەیە مەرامی سیاسیی لە پشت دۆسییەکەوەیە.

نەوەى نوێش جەخت لەوە دەکەنەوە یەکێتى دادگا بۆ یەکلایکردنەوەى ململانێ سیاسییەکان بەکاردەهێنێت و ئامانج لێی کپکردنی هەموو دەنگێکی ئازا وبوێرە، بەڵام ئەو کارانەى یەکێتى ساردیان ناکاتەوە و بەردەوام دەبن.

ئ.ر