دەرگاى خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆکى هەرێم کرایەوە و فراکسیۆنەکانى نەوەى نوێ و کۆمەڵ و یەکگرتوو سەبارەت بە هەبوونى کاندیدێک بۆ پۆستى سەرۆکى هەرێم لە گفتوگۆدان.
دەرگاى خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆکى هەرێم کرایەوە و فراکسیۆنەکانى نەوەى نوێ و کۆمەڵ و یەکگرتوو سەبارەت بە هەبوونى کاندیدێک بۆ پۆستى سەرۆکى هەرێم لە گفتوگۆدان.
پەرلەمانی کوردستان مەرجەکانی پاڵێوراوی بۆ ئەو پۆستە ڕاگەیاند، کە دەبێت تەمەنی لە ٤٠ ساڵ کەمتر نەبێت و خەڵکی هەرێمی کوردستان و شارەزای سیاسەت بێت.
مونا قەهوەچی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانیش لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، سێ ڕۆژ لەبەردەم ئەو کەسانەدایە کە دەیانەوێت خۆیان بۆ پۆستەکە بپاڵێون و هەموو کەس کە ئەو مەرجانەی تیدا بێت دەتوانێت.
خواستی پارتی بۆ دەنگدانی ئاشکرا بە سەرۆکی هەرێم لە یاساکەدا جێگیر کراوە کە مەبەستییەتی بزانێت ئەندام پەرلەمانەکانی یەکێتی و گۆران کە ڕێکەوتنی سیاسی لەگەڵ کردوون کامیان دەنگ بەسەرۆکی هەرێم دەدەن و کامیان دەنگی پێنادەن.
سەرکۆ ئازاد پەرلەمانتارى فراکسیۆنی یەکێتیش دەڵێت، بەپێی ڕێککەوتنیان لەگەڵ پارتی جێگری سەرۆکی هەرێم بۆ ئەوانە بۆیە دەنگ بە کاندیدی پارتی بۆ سەرۆکی هەرێم دەدەن.
فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ و کۆمەڵ و یەکگرتوو، ماوەی دوو ڕۆژە سەرقاڵی گفتوگۆن بۆ ڕێککەوتن لەسەر هەبوونی کاندیدێک بۆ سەرۆکی هەرێم لەبەرامبەر نێچیرڤان بارزانیدا کە تائێستا تاکە کاندیدە بۆ ئەوە پۆستە.
کاوە عەبدولقادر جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێش دەڵێت، لەبەرئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا هیچ کاندیدێک نەبووە لەبەرامبەر کاندیدەکانی پارتی پیێیان باشە ئەمجارە کاندیدیان هەبێت و گفتوگۆشیان لەگەڵ کۆمەڵ و یەکگرتوو کردووە.
لە ماوەی سێ ڕۆژدا دەبێت لایەنە سیاسیەکان کاندیدەکانیان بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکەن و لە دە ڕۆژیشدا هەرێم دەبێت بە خاوەنی سەرۆک. لەدوای دەستبەکاربوونی سەرۆکی هەرێم ڕێکارەکانی دەستبەکاربوونی سەرۆکی حکومەت و پێکهێنانی کابینەی نوێش دەستپێدەکات
ئ.ر