لە گوندێکی نزیک شاری سلێمانی ڕاوکردن تیایدا قەدەغەیە و دانیشتوانەکەشی مردووەکانیان لە بیر ناکەن.
لە گوندێکی نزیک شاری سلێمانی ڕاوکردن تیایدا قەدەغەیە و دانیشتوانەکەشی مردووەکانیان لە بیر ناکەن.
قەرەچەتان لە بناری چیای پیرەمەگرون ھەڵکەوتووە، دانیشتوانەکەی خەمی ژینگەی گوندەکەیان دەخۆن، چوار ساڵە ڕاوکردنیان بە تەواوەتی قەدەغەکردوە.
کامەران عوسمان، دوای خاوێن کردنەوەی پاشماوەی ئەو کەسانەی کە بۆ سەیران کردن ڕوویان لە گوندەکە کردووە، ڕایگەیاند، ھەرکەسێک ڕاوی باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان بکات ڕێگری لێدەکەن و پۆلیسی لێ ئاگاداردەکەنەوە.
خەڵکی قەرەچەتان تەنھا ئاژەڵ و ژینگەکەیان ناپارێزن، ئەوان مردووەکانیشیان لەبیر ناکەن، ژوورێکی گەورەیان دروستکردووە و ھەر کەسێک کۆچی دوایی بکات وێنەیەکی ھەڵدەواسن.
قەدەغەی ڕاوکردن و لەگەڵیشیدا ھەڵمەتی نەمام ناشتنی خەڵکی قەرەچەتان لەکاتێکدایە، گوند و کێوەکانی کوردستان کەوتنە بەر شاڵاوێکی بێ ڕەحمانەی ڕاوکردن و بڕینەوەی دارەکان.
ھێمن کەمەرخان بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی ژینگە و دارستانی سلێمانیش بڕیارەکانی ئەم گوندە بە ھەنگاوێکی باش ناو دەبات و چاوی لەوەیە ڕۆژێک لە ڕۆژان گوندەکانی دیکەش ھەمان ھەنگاو بگرنەبەر.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی تەنھا لەماوەی چوارمانگی ڕابڕدوودا ١٥٦ تۆمەتبار لەسەر دیاردەی ڕاوکردن و زیادەڕەوی و بڕینەوەی دارو تێکدانی ژینگە دەستگیرکراون.
ئ.ر