سەردێڕ:

سلێمانى.. خانوە کۆنەکانى چەند گەڕەکێک مەترسى لەناوچوونیان هەیە

فۆتۆ: 
2019-05-09

2477 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆى بوونى مەترسی لەناوچوونیان، هەوڵێک دەستیپێکردووە بۆ ڕێگرى کردن لە لەناو چوونى شوێنەوار و گەرەکە کۆنەکانى شارى سلێمانى.


بەهۆى بوونى مەترسی لەناوچوونیان، هەوڵێک دەستیپێکردووە بۆ ڕێگرى کردن لە لەناو چوونى شوێنەوار و گەرەکە کۆنەکانى شارى سلێمانى.

بەرپرسانى پارێزگاکە باس لەوەدەکەن لە پەیوەندیدان لەگەڵ ڕێکخراوى یونسکۆى سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەوەى سلێمانى بخرێتە سەر نەخشەى شوێنەوارەکانى جیهان.

لە گەڕەکە کۆنەکانى سلێمانى چەند کەسێک سەرقاڵى ڕووخانى خانوییەکى دێرین بوون کە ئەمەش نیشانى دەدات کە زۆربەى خانوو و شوێنە دێرینەکانى سلێمانى بە رۆژگارێکى ڕەشدا تێدەپەڕن، ئەوانەشى ماونەتەوە بە هەوڵى تاکە کەسى بووە، وەک ئەوەى فوئاد بەرامبەر میراتەکەى باوباپیرانى کردوویەتى و لە لەناوچوون پاراستونى.

لەسلێمانی حەوت گەرەکی کەلەپورى و ١٠٧ خانوى شوێنەواریی ھەبوون، بەڵام لەو خانوانە تەنیا ٣٥یان ماونەتەوە، بەپێی بەدواداچوونەکانی ئێن ئاڕ تی لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا زۆرترین ئاسانکاریی بۆ بەشێک لە وەبەرھێن و بەرپرسان کراوە تاکو ئەو شوێنەوارانە بکرێنە باڵەخانەى بازرگانى یان گەراج.

بۆ ھێشتنەوەی سیمای گەڕەکە کۆنەکان بەرپرسانی سلێمانی لیژنەیەکیان بۆ پاراستن و کڕینەوەی ئەو موڵکانە پێکھێناوە و باس لەوەدەکەن چیتر ڕێگە نادەن شوێنەوارەکان مامەڵەیان پێوە بکرێت و لەناو ببرێن.

رەوا کەریم سەرۆکی لیژنەى پاراستى ئاسەواریش دەڵێت، دەیانەوێت سیفەتى کۆنى خۆى بۆ ئەو گەڕەکانە بهێڵنەوە و پڕۆژە بازرگانییەکان لەو گەڕەکە نەهێڵن و ئەو خانوانەشى کە لە لیست ماونەتەوە ڕێوشوێنى پێویست بۆ مانەوەى بگرنەبەر.

ئەگەر بەزویى هەوڵەکەى بەرپرسانى پارێزگاکە و رێکخراوى یونسکۆ نەخرێتە سەرپێ ئەوا دوورنیە لەماوەیەکى نزیکدا ئەو خانو و گەڕەکانەشى کە ماونەتەوە لەسەر نەخشەى شار بسڕێنەوە.

ئ.ر