سەردێڕ:

کاردانەوەکانى هەڵکوتانە سەر ئۆفیسى سەرەکى جوڵانەوەی نەوەى نوێ

فۆتۆ: 
2019-05-06

4607 جار خوێندراوەتەوە

هەڵکوتانە سەر بارەگاى ئۆفیسی نەوەى نوێ لە سلێمانى بۆ چوارەمین جار لە ماوەى ١٢ رۆژدا و دەستگیرکردنى ژمارەیەک خۆبەخشى جوڵانەوەکە، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانى سەر بە یەکێتى نیشتمانى کاردانەوەى لێکەوتەوە و بەشێک لە سیاسییەکان و پەرلەمانتاران و ڕۆشنبیران ئیدانەى دەکەن.


هەڵکوتانە سەر بارەگاى ئۆفیسی نەوەى نوێ لە سلێمانى بۆ چوارەمین جار لە ماوەى ١٢ رۆژدا و دەستگیرکردنى ژمارەیەک خۆبەخشى جوڵانەوەکە، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانى سەر بە یەکێتى نیشتمانى کاردانەوەى لێکەوتەوە و بەشێک لە سیاسییەکان و پەرلەمانتاران و ڕۆشنبیران ئیدانەى دەکەن.

ئه‌نجومه‌نی سیاسی یه‌كگرتوو له‌باره‌ی کردەوەکانی ئه‌م دواییه‌ی هێزە ئەمنییەکان بەرامبەر جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێت له‌ به‌رامبه‌ر جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ، به‌ده‌رە له‌ ڕێكاره‌ یاسایی و مه‌ده‌نییه‌كان به‌ جۆرێك له‌ فشاری سیاسی و ئه‌منی ده‌زانن و به‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌ی نابینن.

هاوکات تەڤگەرى ئازادیى لە راگەیەنراوێکدا ڕایگەیاندووە، "هێرش بۆ سه‌ر نه‌وه‌ی نوێ حسابنه‌كردنه‌ بۆ سه‌روه‌ریی یاسا و، به‌كارهێنانی سیاسه‌تی ترس و تۆقاندنه‌ به‌رامبه‌ر ده‌نگی ناڕازی."

جەختیشیکردووەتەوە ده‌بێت ده‌سه‌ڵات ده‌ستبه‌رداری ئه‌و جۆره‌ سیاسه‌تە ببێت كه ‌هێزی نیشتیمانی بۆ ململانێی حزبی و ڕقی سیاسی به‌كاربهێنێت و، بێ بڕیاری دادگا هه‌ڵبكوتنه‌ سه‌ر باره‌گای حزب و ڕێكخراوه‌كان"

لاى خۆیەوە، نووسەر و ڕۆشنبیر ڕێبین هەردى لە وتارێکدا ئاماژەى بۆ ئەوە کردووە، شتەکە ئەوەندە قورس و ئاڵۆز نییە پێوستی بەم ھەموو ھەرایە ھەبێت، ئەمەی ھەنوکە روودەدات ھیچ پەیوەندی بە لێکۆڵینەوەی یاسایی لە کەیسى پەرلەمانتار شادى نەوزاد نییە، ئەمەی روودەدات نزیک دەبێتەوە لە ئیرھاب و تۆقاندنێک کە ھیچ پاساوێکی نییە رقێکی سیاسی قوڵ نەبێت لە کۆمەڵێک شتی سیاسی کە ھیچ پەیوەندی بەم کەیسەوە نییە.

هەروەها دەڵێت، ئەم ھەڵکوتانە سەر ئەندامانی نەوەی نوێ بەو شێوە رەق و توندە، دەستدرێژیەکی گەورەیە کە ھەموو شتێکی ژێر پێ خستووە، داوایکردووە رێگە یاسای و ئاسایی بگیرێتەبەر نەک بەمشێوەیە ھەر رۆژە و ھەڵکوتنە سەر ئەم و ئەو و بەشێوەیەکی زۆر دڵرەقانە وەک ئەوەی خەلیفەکەی داعشتان گرتبێت.

هاوکات سۆران عومەر پەرلەمانتارى فراکسیۆنى کۆمەڵ لە پەرلەمانى کوردستان دەڵێت، ھەڵکوتانە سەر بارەگاکانی نەوەی نوێ لەلایەن ھێزی ئەمنی یەکێتیەوە بەوجۆرە بەشێکە لە تۆقاندن و دژ بە ئازادی کاری سیاسیە و بەکارھێنانی دادگا و یاسایە بۆ سەرکوت و ترساندن و فشار خستنە سەر جوڵانەوەیەکی نوێی مەدەنی.

سۆران عومەر دەشڵێت، ئەگەر شتێکتان ھەیە لەسەریان دەتوانن بەبێ لایەنانە با پۆلیس و دادگا بەئەرکی خۆی ھەستێت!

هەر سەبارەت بە هەڵکوتانە سەر ئۆفیسى جوڵانەوەى نەوەى نوێ و دەستگیرکردنى ژمارەیەک خۆبەخشى جڵانەوەکە، شێرکۆ حەمە ئەمین ئەندامى پێشووى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى گۆڕان دەڵێت، سپاردنی ئەم مەلەفە بە ئاسایش مەرامی تری لەپشتە و بەشێکە لە تۆڵەکردنەوە و ڕقی سیاسیی و تۆقاندن و دەستدرێژییە بۆسەر ئازادی کاری سیاسی هێزێکی مەدەنی و ئازادی تاکیش.

سیاسەتمەدار فایەق گوڵپی بەرامبەر کردەوەى هێزە ئەمنیەکان هاتووەتە دەنگ و دەڵێت، ئەو کردەوانە پیشێلکردنی ماف و ئازادی خەڵکی کوردستانە و جۆرێکە لە سەرکوتکاری سیاسی.

فایەق گوڵپى ئاماژەى بەوەکردوە بەرامبەر بەو سیاسەتە نادیموکراتییە، چین و توێژەکانی کۆمەڵگا نابێت بەبێدەنگی دانیشن، دەبێت هەموو چین وتوێژەکان هەوڵبدەن ئەوجۆرە دەستدرێژییانەی سەر خەڵکی کوردستان ڕابگرن، ئەگەر وا نەکەن ئەمرۆ نەوەی نوێیە، سبەینێ سەرەی پێکهاتەکانی تریش دێت.