سەردێڕ:

ڕزگاربوویەکی ئەنفال چیرۆکی چۆنێتی ڕزگاربوونی دەگێڕێتەوە

فۆتۆ: 
2019-05-04

2954 جار خوێندراوەتەوە

مەریوانی تەمەن ٤۲ ساڵ بەرەو مۆنیۆمێنتی ئەنفالکراوانی دەشتی کۆیە ڕۆیشت، بۆ بەشداریکردن لە یادی ٣١ ساڵەی ئەنفالکردنی سنورەکە.


مەریوانی تەمەن ٤۲ ساڵ بەرەو مۆنیۆمێنتی ئەنفالکراوانی دەشتی کۆیە ڕۆیشت، بۆ بەشداریکردن لە یادی ٣١ ساڵەی ئەنفالکردنی سنورەکە.

مەریوان لەکاتی پرۆسەی ئەنفالدا تەمەنی ١٣ ساڵ بووە و ڕزگاربوویەکی تاقانەی ئەنفالە، ئەو دایک و باوک و دوو برا و پێنج خوشکی ئەنفالکراون و، تا ئێستاش چاوەڕێی گەڕانەوەی ڕوفاتەکانیانە.

ساڵیادی قۆناغی چوارەمی ئەنفال، لە کەش و هەوایەکی باراناویدا لە مۆنیۆمێنتی ئەنفالکراوانی دەشتی کۆیە بەڕێوەچوو، ژمارەیەکی کەمی کەسوکاری ئەنفالکراوەکانیش تێیدا بەشداربوون.

کەسوکاری ئەنفالکراوەکان چەند داواکارییەکیان هەبوو، کە گرنگترینیان دادگاییکردنی جاش و موستەشارەکان و هێنانەوەی ڕووفاتی ئەنفالکراوەکان بوو.

نەبەز ئەکرەم نوێنەری کەسوکاری ئەنفالکراوەکان ڕایگەیاند، داواکارن لە پەرلەمانتارانى کورد لە پەرلەمانى عێراق هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ هاوتاکردنى ماف و ئیمتیازاتەکانى کەسوکار و واریسی شەهیدان و ئەنفالکراوان و قوربانیانى حکومەتى عێراق و هەرێم.

شایان عەسکەری ئەندامی پەرلەمانی کوردستانیش پارتی و یەکێتیی بە هۆکاری سزانەدانی ئەو جاش و موستەشارانە دەزانێت کە بەشداربوون لە پرۆسەی ئەنفالدا و دەڵێت، بەدواداچوون بۆ ئەو بڕیارانە دەکەن کە پێشتر لە دادگاى باڵاى تاوانەکان دژبە جاش و موستەشارەکان دەرچووە.

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان، پلانی داناوە بۆئەوەی لە دوای مانگی ڕەمەزانەوە ئەو ڕوفاتانەی ئەنفالکراوەکان، کە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شاری سەماوە دۆزراونەتەوە، بیانهێنێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

مەحمود حاجی ساڵح وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەڵێت، لە هەر شوێنێک شایەتحاڵێک هەبێت تیمەکانیان ئامادەن بۆ هەڵدانەوەى ئەو گۆڕانە.

ئەنفالی دەشتی کۆیە دەکەوێتە پرۆسەی  قۆناغی چواری ئەنفالەوە، کە تێیدا زیاتر لە ۹۰۰ کەس ئەنفالکراون و، تا ئێستاش ڕووفاتی هیچ یەکێک لەو ئەنفالکراوانە نەگەڕێنراوەتەوە بۆ سنورەکە.

ئ.ر