هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، بووەتە گرێکوێرەیەک و لایەنە سیاسییەکان و کۆمسیۆن بە ئاسانى بۆیان ناکرێتەوە.
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، بووەتە گرێکوێرەیەک و لایەنە سیاسییەکان و کۆمسیۆن بە ئاسانى بۆیان ناکرێتەوە.
ئەگەرچی ١٦ی مانگی ١١ی ئەمساڵ دیاریکراوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان، بەڵام کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان دەڵێت، ئامادە نیین و کێشەى زۆریان هەیە.
ڕزگار حاجی حەمە ئەندامی کۆمسیۆنی باڵاى هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، کاتى دیاریکردنى هەڵبژاردنەکە ڕەنگە دوابکەوێت، چونکە هەموارى یاساکە لە پەرلەمانى عێراق نەکراوە، وادەکەشی لە ئەنجومەنى وەزیران دیارینەکراوە.
لەنێو پەرلەمان چەند بۆچوونێکی جیاواز لەسەر ئەم پرسە هەیە، بەشێک لە پەرلەمانتاران و فراکسیۆنەکان لەگەڵ ئەوەدان ھەڵبژاردنی ھەموو پارێزگاکان دوابخرێت و دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی ئێستاش سڕبکرێت تا کاتی ھەڵبژاردن.
ھەندێکیش پێیانوایە کە لەنێو مانگی یانزە بەشێک لە پارێزگاکان ھەڵبژاردنی تێدا بکرێت و تەنھا ئەو پارێزگایانە بمێنن کە کێشەیان لەسەرە، ھاوشێوەی کەرکوک و بەسرە، بەڵام ئەم بۆچوونە لای نوێنەرانى کەرکوک و بەسرە ڕەتکراوەتەوە.
مەریوان نادر پەرلەمانتارى یەکێتییش دەڵێت، ئەگەر پەرلەمان دەنگى لەسەر دواکەوتنى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان بە کەرکوکەوە دا، قبوڵیانە؛ بەڵام ئەگەر کەرکوک جیابکرێتەوە لە پارێزگاکانى دیکە، هەڵوێستیان دەبێت.
ئەگەرچی بڕیاربوو ساڵی ڕابردوو لەگەڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکرایە، بەڵام ئەوکات بە بیانوی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان دواخرا بۆ ١٦ی مانگی ١١ی ئەمساڵ، کێشە لە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ڕێکنەکەوتنى لایەنە سیاسییەکان و ئامادەنەبوونی کۆمسیۆن لەڕووی ھونەرییەوە، ئاماژەن بۆ دواخستنى هەڵبژاردنەکان.
ئ.ر